Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یوئێن داوای لە هەرێمە لە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق بەردەوام بێ

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هیوای خواست سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێ.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 4-5-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (یان كۆبیش) نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا  كۆبیش باسی لە بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی بەغدا كرد و نیگەرانیی خۆی بۆ ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە وەك نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵ و گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان هەست بە بەرپرسیاریی دۆخی هەستیاری ئێستا و تێپەڕاندنی دۆخەكە بكەن. هیواشی خواست سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان لەمڕووەوە لە لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بەردەوام بێت و بەمەبەستی گفتوگۆ و دیالۆگ سەردانی بەغدا بكات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی تێبینی و بۆچوونەكانی بەڕێز كۆبیشی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەرچەند هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە و ژمارەیەك بابەت هەن تا ئێستا لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكراون، بەڵام هەرێمی كوردستان لەو باوەڕەدایە كە لەم هەلومەرجەدا لە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەكەدا نییە بۆشاییی كارگێڕی و سیاسی و ئەمنی لە عێراق دروست ببێت، بۆیە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ پشتگیریكردنی بەردەوامبوونی حكوومەتی ئێستای عێراق لە كارەكانی و هەوڵ دەدەن هیچ بۆشاییەكی كارگێڕی دروست نەبێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە.
تاوتوێكردنی چەند تەوەر و بابەتێكی پەیوەندیدار بە ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.