Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا هەڵۆ: ئاساییشی بەشیر دەدرێتە پێشمەرگە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك دەڵێت، بەپێی رێككەوتن هێزی پێشمەرگەی كوردستان پاراستنی دەوروبەری بەشیری بە دەستە، ناو گوندی بەشیریش دەدرێتە دەستی پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێكانی كەركووك و حەشدی شەعبی.

لیوا (هەڵۆ نەجات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە چەند ڕۆژی رابردوودا فیرقەی حەشدی (قتالییە عباسییە) هێنراون بۆ ناوچەی بەشیر، چونكە پێشتر نزیكەی 15 لاشەیان لە بەرەكانی جەنگ بەجێ مابوون، هاتن كۆیان كردنەوە، ئەم هێزە بەشێكیان دەمێننەوە، چونكە لە بنەڕەتدا دەبێت بەشێك لە ناوچەی بەشیر هێزی پێشمەرگەی كوردستان رادەستی حەشدی توركمانی بكات، حەشدی توركمانیش هێزێكی تۆكمە ‌و بەهێز نین تا بتوانن بەرگە‌ی هێرشەكانی داعش بگرن، بۆیە بەشێك لەو حەشدەی لە بەغدا و دیوانییە و سامەڕاوە هاتوون، لە بەشیر دەمێننەوە، جا مانەوە و نەمانەوەیان لە چوارچێوەی رێككەوتن بێت یان هەر شتێكی دیكە، پێویستی بە چاودێری و لێكۆڵینەوە هەیە.

(هەڵۆ نەجات)  گوتیشی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەشیر دەمێننەوە لە كاتێكدا پێشمەرگە كەوتووەتە پشت گوندی بەشیرەوە و رەت بوون لەو سنوورە، بۆیە دەبێت پێشمەرگە ئاگایان لە بەشیر و پشت گوندی بەشیر ‌بێت، بەڵام ناو گوندی بەشیر دەدرێتە حەشد و پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێكانی كەركووك.