Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێخ جەعفەر: سەرۆك بارزانی ‌لەگەڵ دەستخۆشیدا پێی دەگوتین ئاگاتان لە خۆتان بێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی یەكەی حەفتای هێزی پێشەرگە دەڵێت، پلانی ئازادكردنەوەی گوندی بەشیر سەركەوتوو بوو. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، توانرا بە ئۆكەی (سەرۆك بارزانی) سەركەوتن تۆمار بكرێت.

(شێخ جەعفەرشێخ ستەفا)، لە لێدوانێكیدا بۆ‌ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئازادكردنەوەی گوندی بەشیر، رێگایەكی ستراتیژی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە، لە ڕووی جیۆگرافیایشەوە بۆ پێشمەرگە گرینگ بوو، چونكە گەورەترین گوندە لە سنووری پارێزگای كەركووك، لە ڕووی ئیدارییشەوە سەر بە پارێزگای كەركووكە كە بۆ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ئازادكردنەوی بایەخدارە، هەرەچەندە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە رێگای هاوپەمانانەوە ئەو گوندە ئازاد بكرێتەوە، بەڵام هاوپەیمانان رازی نەبوون و گوتیان، هیچ هەماهەنگییەكمان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە و هیچ هەماهەنگییەكیش ناكەین لەگەڵیاندا بۆ ئازادكردنەوەی ئەو گوندە، بە مەرجێك بەشداری دەكەین كە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە پلانی ئازادكردنەوەی دابنێن و ئەوان سەرپەرشتی بكەن، دوای گفتوگۆ لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا، دواتر هاوپەیمانان بەڵێنیان دا كە هاوكار بن بۆ ئازادكردنەەی گوندەكە".

(شێخ ستەفا) گوتیشی: "بڕیار بوو لە 22ـی 3 هێرشەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق بۆ 30ـی 4 دوای خست، كە بە پلانێكی زۆر سەركەوتووانە توانرا لە ماوەی 24 سەعاتدا تەواوی گوندەكە لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك بكرێتەوە‌، بۆیە ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ بەرگری دەكات و سەنگەرەكانی بە قایمی جێگیر كردووە و توانیومانە تەواوی گوندە كە 1700 ماڵی لێییە، لە دەست داعش دەربهێنین".

ئاماژەیشی بەوە دا كە، ئەمشەو داعش سەعات 3 هێرشیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە هێنا، بەڵام شكستیان برد و 3 كوژراویان هەیە.

بەرپرسی یەكەی حەفتای هێزی پێشەرگە دەشڵێت، سەرجەم هەنگاوەكانی پێشڕەویی پێشمەرگە، لەسەر فەرمان و بە ئاگاداریی (سەرۆك بارزانی) بووە و تا ئۆكەی لەسەر بڕیارەكە نەكردووە، هیچ هەنگاوێكیان نەهاوییشتووە، ئاگاداری سەرجەم پلانەكەیش بووە تا ئەو كاتەی وەك خۆی جێبەجێ كرا.

گوتیشی: "(سەرۆك بارزانی) پێی دەگوتین ئاگاتان لە خۆتان بێت و زانیاریی دەدایە فەرماندەكانی  پێشمەرگە تا وریای خۆیان بن، چونكە مینی چێنراو لەو شوێنانەدا هەبوو،‌ ‌لەگەڵ ئەوەیشدا دەستخۆشی بۆ  پێشمەرگە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان دەخواست و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان كرد".

 

كارزان سەباح هەورامی