Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێران لە هەر كات زیاتر لەلای رۆشنە كە دەوڵەتی كوردستان بەم نزیكانە پێكدێت و رادەگەیەنرێ


ئازا حەسیب قەرەداخی
(مەسعود سەدر محەمەدی) پسپۆڕی كاروبارەكانی توركیاو قۆقاز لە وتارێكیدا كە لە ئاژانسی (خبرگوزاری فارس) بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: شاهێدی دروست بوونی ئیسرائیلێكی كوردی دەبین بە تەنیشتمانەوە.
ئێرانییەكان كە دەزانن دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان حەتمییە و شتێك نەماوە ببێتە رێگر لەبەردەمیدا، بە خۆیشیانەوە كە ئیتر ناتوانن كۆسپ بن لە رێی دروستبوونیدا، تەنانەت ئاغای محەمەدی لە كۆتایی وتارەكەیدا نووسیویەتی : من دڵنیام كە بەمنزیكانە دەوڵەتی كوردی دروست دەبێ. بۆیە وەكوو هەر دەستوپێ سپییەكی بێ چارە هەوڵ دەدەن بە تانەو تەشەری بە ئیسرائیلیكردن، دەوڵەتی كوردستان ناشرین نیشان بدەن و رای گشتی عەرەب و موسڵمانانی لە دژ تاو بدەن.

سەدر محەمەدی جگە لە بە ئیسرائیلكردنی دەوڵەتی كوردستان، هەروەها دەوڵەتی كوردستان بە"بارزانیستان" ناو دەبات. هەرچەندە ئەو وەك تانە لێدان ئەمەی وتووە بەڵام بێ ئەوەی بە خۆ بزانێ ئەمە ئیعتیرافێكی ناوەكییە بە دروستبوونی دەوڵەتەكە بە رابەرایەتی (مەسعود بارزانی) و مێدالیایەكە لە بەرۆكی سەرۆكی هەرێمی دەدات.

هەرچەندە ئاغای سەدر محەمەدی بناغەی لێكدانەوەكانی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە هەرچی لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا لەم ناوچەیە روویانداوە بۆ ئەوە بووە كە زەمینەسازیی بكرێ بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵام هاوكات هەوڵی زۆری داوە دەوڵەتی كوردستان وەك قەوارەیەكی ناشرین نیشان بدات و تەنانەت دەڵێ یەكێك لە ئامانجەكانی دەركەوتنی داعش، زەمینەسازیی بووە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان. هەروەها بۆ هاندانی نەیارانمان و جووڵاندنی دەمارەكانی ئیرەیی بەرامبەر بە دەوڵەتی كوردستان لە جێیەكدا باسی هەولێر دەكات كە دەبێتە پایتەختی دەوڵەتی كوردستان و بە بەراود لەگەڵ باقی شارەكانی عێراق دەڵێ: بەپێچەوانەی عێراقێكی خاپوور و وێران، هەولێر بەردەوام پارێزراو و گەشاوە و لە پێشكەوتندایە.

ئاغای محەمەدی وێڕای رەخنەگرتنی لە عەلی لاریجانی كە هاتووە بۆ هەولێر و لەگەڵ بارزانیدا كۆبۆتەوە و بارزانی توانیویەتی ئەم كۆبوونەوەیە بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتەكەی خۆی بشكێنێتەوە، هەروەها كاربەدەستانی جمهوری ئیسلامی ئێران لەم رەووداو و پێشهاتە مەترسیدارە كە گەیشتۆتە دوا قۆناغی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە و پێیان دەڵێ كە دەوڵەتەكەی بارزانیستان وا دروست دەبێ و ئێمەیش بێ ئاگا و غافڵین لێی. بە شێوەیەكی دیكە ئاغای محەمەدی دەڵێ ئێران غافڵگیركراوە و بارزانیش زۆر زیرەكانە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە مامەڵەی كردووە و تەنانەت سوودی زۆری لە رووداوەكانی سووریا وەرگرتووە بۆئەوەی رێگایەك بۆ دەوڵەتەكەی بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست بكاتەوە و لەم پێناوەشدا هەموو شتێ دەكات.

لەبەرئەوەی سەدر محەمەدی لە كەش و هەوای پڕ بوحران و كولتووری تیرۆر و سەركووت ژیاوە و لەپێناوی درێژەدان بە زوڵم بیر دەكاتەوە و دەنووسێ، بۆیە بە سەرسوڕمانەوە باسی ئەوە دەكات كە دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان دەبێ و دەبێتە مەڵبەندی كولتووری ئاشتیخوازیی، بۆیە ئەو لە وتارەكەی خۆیدا نووسیویەتی دەوڵەتی كوردستان كە دڵنیام بەمنزیكانە دروست دەبێ، ڕۆڵی ڕۆشنبیرێكی ئاشتیخواز لە ناوچەكەدا دەگێڕێ.