Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میرانی: لەسەر هێڵ بووین.. سەنگاوی و شێخ و دكتۆر لەوێ بن ئێمە لەوێین

هەولێر-KDP.info- (فازڵ میرانی)، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لەبارەی رەوشی خورماتووەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر هێڵ بووینە و هێزی پێشمەرگە چووەتە خورماتوو، خۆ هەموومان ناچین كە كاك (مەحموود سەنگاوی) و (شێخ جەعفەر) و كاك (دكتۆر نەجمەددین) لەوێ بن، مانای ئەوەیە ئێمە لەوێین".

(میرانی) گوتیشی: "ئەو شەڕە، شەڕێكی نەخوازراوە، ئێمە نفوزی حەشدی شەعبیمان لە قوڵایی كوردستان پێ باش نییە، پێشتریش هەمان رامان هەبووە، ئومێد دەكەین بگەنە رێككەوتنێك كە خەڵكی خورماتوو بە كورد و توركمان و عەرەبەوە لە ئارامیدا بن، هەروەها حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەرچێت".

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "رێككەوتنی پێشتری برادەرانی یەكێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی، هەر ئەوە بووە، كە لە خورماتوو بچنە دەرەوە، سەرەڕای تێبینیمان لەسەر ئەو رێككەوتنانە، ئێستایش نەچووە و دەكرێت رێككەوتنێكی كۆنكرێتی بكرێت، خەڵكی خورماتوو بە هەموو پێكهاتەكەیەوە دووچاری ئەم بارودۆخە نەبنەوە كە لە چەند رۆژی رابردوو رووی دا".  

ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ شاندی كورد و حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك لەبارەی ئاڵۆزییەكانی خورماتووەوە كۆ ببنەوە، بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی شاندی حەشدی شەعبییەوە، تا ئێستا كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدراوە.

 

 

 كوردستان24