Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: لەگەڵ "ئاقڵمەندانی ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن"، بكەونە دیالۆگ و ڕاوێژەوە.. پێویستە پێشمەرگە ماڵ و مڵک و هاووڵاتیانی خورماتوو بپارێزن

هەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی داوا لە بەرپرسانی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە دەكات، لەگەڵ "ئاقڵمەندانی ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن"، بكەونە دیالۆگ و ڕاوێژەوە، بۆ ئەوەی رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوی ئاگری شەڕ و فیتنە هەڵگیرسێنن و ئاسوودەیی خەڵك و پێكهاتەكانی ناوچەكە بشێوێنن. لە پەیامێکی کە تایبەتە بە دۆخی خورماتووەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکات ڕایدەگەیەنێ، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگریی لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەیش لە هەموو دەستدریژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووداوەكانی خوورماتوو:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارۆچكەی خوورماتوو كە بووە هۆی گرژی و ناسەقامگیری لەم شارۆچەكەیە، جێگەی دڵگرانیی ئیمەیە. زۆر ئاشكرایە كە هەندێ كەس و لایەن كە پێشتریش سەرچاوەی گرفت و فیتنە بوونە، ئیستا لەژێر ناوی تازە دەستیان لە نانەوەی كێشە و فیتنەگێریدا هەیە و، دەیانەوێ شەڕ و دووبەرەكی لەنێو خەڵكی خۆجێی ناوچەكە و پێكهاتەكان دروست بكەن.
بەداخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانە ژمارەیەك هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی برینداران دەخوازم. داوا لە بەرپرسانی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە دەكەم كە لەگەڵ ئاقڵمەندانی ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن، بكەونە دیالۆگ و ڕاوێژ، بۆ ئەوەی رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوی ئاگری شەڕ و فیتنە هەڵگیرسێنن و ئاسوودەیی خەڵك و پێكهاتەكانی ناوچەكە بشێوێنن.
پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەیش لە هەموو دەستدریژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
26ـی 4ـی 2016