Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

واشنتۆن: ئامانجی ئەنفال، قڕكردن و سڕینەوەی نەتەوەی كورد بوو

واشنتۆن-KDP.info- حكوومەتی ئەمریكا لە بیست و هەشتەمین ساڵیادی ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان، ئەو كارەساتەی بە هەوڵی ڕژێمی (سەددام حوسێن) بۆ سڕینەوەی كوردەكان ناوبرد. لە وتارێكدا كە دەنگی ئەمریكا بڵاوی كردەوە و دەرخەری سیاسەتی حكوومەتی واشنتۆنە، باس لە تێپەڕبوونی بیست و هەشت ساڵ بەسەر كارەساتی ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی (سەددام حوسێن)ەوە دەكات و دەنووسێت ئامانج لەو كارەساتە مرۆییە، جگە لە كوشتن و ماڵوێرانی، سڕینەوەی كورد و هەروەها ترساندنی كەمە نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستان بوو لەوانە ئاسووری و شەبەك و توركمان و ئێزدی و مەنداییەكان.

وەك لە وتارەكەی حكوومەتی ئەمریكادا هاتووە، وێڕای كوشتنی پیاوان و كوڕانی كورد و دەستگیركردنی ئەوانی دیكە لە كەمپە زۆرەملێییەكان، لە ئەنجامی هێرشی تۆپخانەیی، نزیكەی چوار هەزار گوندی كوردەكان و سیی ویەك كۆمەڵگەی ئاسوورییەكانیش وێران بوون.