Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی: ڕێگە نادەین هیچ پیلانێک بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێو پێکهاتەکانی خورماتوو سەربگرێت

هەولێر-KDP.info-  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قایمقام و كه‌سایه‌تی و نوێنەرانی چینوتوێژەکانی شاری خورماتوو كۆبۆوه و تەئکیدی کردەوە کە "بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین هیچ پیلانێک بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێو پێکهاتەکانی خورماتوو سەربگرێت و خەڵکی ئەو شارە لە نەهامەتیدا بژین. داواشی لە دانیشتوانی شارەکە کرد پێکەوەژیان و برایەتیی نێوانیان بپارێزن."

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ ١٧ـی٤ـی٢٠١٦ لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانى)، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قایمقام و كه‌سایه‌تی و نوێنەرانی چینوتوێژەکانی شاری خورماتوو كۆبۆوه.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شەلال عەبدول قایمقامی خورماتوو بە ناوی خۆی و شاندی میوان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە، هەروەها لە وتەیەکدا باسی کێشە و هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستای ناو شاری خورماتووی کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە داوکاریی سەرەکیی خەڵکی خورماتوو گێڕانەوەی خورماتوویە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی بۆ دانیشتوانی شارەکە کە بەهۆی هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە ژیانیان کەوتۆتە مەترسی.
دواتر دواتر یاداشتێک بەناوی خەڵکی خورماتووەوە پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرا کە کۆمەڵێک داواکاریی بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی شارەکە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی لەخۆ گرتبوو.

هەر لە دیدارەکەدا شاندی میوان ئاماژەیان بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە شەڕی دژی تیرۆردا و ڕایانگەیاند: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین لە سەرکردایەتیکردنی شەڕی بەرگریی لە کوردستان و شکاندنی تیرۆریستانی داعش کە دوژمنێکە هەموو دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. هەروەها هیوایان خواست لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە مامەڵەکردن لەو هەڕەشانەی لەسەر خورماتوو هەیە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، نیگەرانیی خۆی بۆ ڕەوشی ئەمنیی خورماتوو ڕاگەیاند و تەئکیدی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین هیچ پیلانێک بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێو پێکهاتەکانی خورماتوو سەربگرێت و خەڵکی ئەو شارە لە نەهامەتیدا بژین. داواشی لە دانیشتوانی شارەکە کرد پێکەوەژیان و برایەتیی نێوانیان بپارێزن.

هەروەها سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرچی لە توانایدا هەبێت بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی ئاسایشی خورماتوو و  دابینکردنی ئارامیی بۆ دانیشتوانی شارەکە درێخی ناکات و لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانی خورماتوو بەزووترینکات چارە بکرێن.