Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دوای جەژنی نەورۆز، كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی وردبینی لە داهاتی نەوت و گازی هەرێمدا دەكات

هەولێر-KDP.info- بە سەرپەرشتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سێیەمین كۆبوونەوەی ئه‌مساڵى 2016ى ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز سازكرا و بڕیار درا، دوای جەژنی نەورۆز كۆمپانیاییەكی نێودەوڵەتی دەست بە كاری وردبینی لە داهاتی نەوت و گازی هەرێم بكات.

  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 9 - 3 - 2016 بە سەرپەرشتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن، سێیەمین كۆبوونەوەی ئه‌مساڵى 2016ى ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز سازكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی داهاتی چاوەڕوانكراوی نەوت بۆ هەردوو مانگی شوبات و ئازار و وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات خرایە بەر باس و گفتوگۆ. لەمبارەیەوە ئاماژە بە هۆكارەكانی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا كە بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و ناجێگیریی ڕەوشی ئاسایشه‌وه‌ لەو دەڤەرانەی خاكی توركیا بووه‌ كە بۆڕیی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت و به‌و هۆیه‌وه‌ ماوەیەكە هەناردەكردنی نەوت وەستاوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سەردانی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تیمێكی تەكنیكی بە سەرپەرشتیی بریكارى وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ كرا، كە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی هەماهەنگی و هاوكاری و هاوبەشی لە چۆنییەتیی پەرەپێدانی كەرتی سامانە سروشتییەكان بوو. لەمبارەیە شاندەكە ڕاپۆرتی سەردانەكەیان پێشكەش بە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز كرد و خرایە بەر باس و گفتوگۆ. دواى هه‌ڵسه‌گاندنیشى ئەوە خرایە ڕوو كە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، بە چاوێكی ستراتیژییەوە لەو جۆرە پەیوەندیانەی لەگەل وڵاتی ئێران دەڕوانێت و ئەنجامی سەردانەكەیشی بە ئەرێنی وەسف كرد.

له‌ كۆتاییى كۆبوونەوەكه‌دا بابەتی وردبینیكردنی سەرجەم داهاتەكانی پرۆسەی هەناردەكرن و خەرجییەكانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان خرایه‌ ڕوو. لەمبارەوە ئاماژە بە بڕیاری دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرا كە تیایدا بڕیار لەسەر هێنانی كۆمپانیاییەكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتیی بواری وردبینیكردن لە داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز درا بەمەبەستی پێداچوونەوە و دڵنیابوون لەو داتا و ژمارانەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە ده‌رباره‌ى داهات و خەرجییەكانی نه‌وت و گاز؛ بڵاودەكرێنەوە.
ئەوەش دووپات كرایەوە كە دوای پشووەكانی جەژنی نەورۆز و سەرى ساڵی نوێی كوردی، ئەو كۆمپانیایە لە هەرێمی كوردستان دەست بە كارەكانی خۆی دەكات و ئەمەش بە هەنگاوێكی گرنگ لە بواری شەفافەیەت لە داهات و خەرجییەكانی نەوت و گازدا له‌قه‌ڵه‌م درا.