Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

درۆ و موزایەدات

زكری مووسا

كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دوورگەی سەقامگیری و بووژانەوە لە ناوچەكە بوو. بە پێچەوانەی وڵاتانی دەرووبەر، سەرچاوەی ئاشووب و شەڕانگێزی و تیرۆر بۆ جیهان نەبوو. كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەهێزبووندا بوو و بەرەو سەربەخۆییی ئابووریی هەنگاوی دەنا.
ئەگەرچی لە پڕۆسەی سیاسیدا كێشە و گرفت لە نێوان حزبەكاندا هەبوو، بەڵام ناكۆكیی سیاسی ئاسایییە و ململانێ تایبەتمەندییەكی سرووشتی ئەو كۆمەڵگایەیە كە بەنیازە لە ڕووی سیاسییه‌وه‌ گەشە بكات.
بڕینی بودجە لە لایەن مالیكی، ئابووریی كوردستانی كردە ئامانج. مەبەستی بەغدا وەستاندنی پێشكەوتنی خێرای ئابووریی كوردستان بوو. بەغدا وای بۆ چوو لە ماوەی دوو مانگدا كوردستان خۆی بە دەستەوە بدات. سەرباری ئەوە، كوردستان تووشی شەڕێكی سەرتاسەری بوو لەگەڵ تیرۆریستان و دوو ملیۆن ئاوارەیش ڕووی تێكرد، بەڵام كوردستان نەڕووخا و خۆی گرت و جیهان بە قارەمانێتیی پێشمەرگە و بەها ئینسانییەكانی گەلی كوردستان سەرسام بوو.
زەبری كاریگەر بۆ بارودۆخی كوردستان دابەزینی نرخی نەوت بوو. بەهۆی قەیرانی سیاسییش حكوومەتی پێنجقۆڵی نەیتوانی خزمەتی خەڵك بكات و كار بە دروشمەكانی بكات.
خەرجییەكانی شەڕی داعش مانگانە لە سێسەد ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێت. 80%ـی تێچووی حەواندنەوەی ئاوارەكان لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمە. بەغدا لەم دوو بابەتەدا یارمەتیی كوردستانی نەدا. یەك ملیۆن و چوارسەدهەزار مووچەخۆر چاوەڕێی مووچەن. ئەگەرچی كوردستان دەتوانێ نەوت هەناردە بكات و لەسەر پێی خۆی بوەستێ، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت 70%ـی داهاتی هەرێم كەم بووه‌وە.

ئێستا دەبێ چی بكرێت؟
گەڕانەوە بۆ بەغدا هیچ سوودی نییە، چونكە بەغدا ڕەغبەتی نییە یارمەتیی هەرێم بدات و توانایشی نییە. ناكرێ هیوا لەسەر هاوكاریی دەرەكییش هەڵبچنین. ناشكرێ بەرەكانی شەڕ درزی تێبكەوێ. كوردستان دەبێ پشت بەو داهاتە ببەستێ كە هەیەتی و پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و داراییی خۆی بكات و، چاكسازی بكات. جگە لەمە هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە.
لەو نێوەدا حزبەكان دەبێ بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە. كە لە دەستكەوت و سەركەوتنەكان خۆیان بە خاوەن دەزانن پێویستە لە پاشەكشە و قەیرانەكانیش شان بدەنە بەرپرسیارێتی. كاتی موزایەداتی سیاسی و یاریكردن بە هەست و سۆزی خەڵك نییە. بەهەڵەتێگەیاندنی خەڵك و یاریكردن بە سۆزی ئەوان، لە ڕاستیدا زوڵمە كە لە خەڵكی كوردستان دەكرێت. چونكە وروژاندنی خەڵك و بە هەڵەتێگەیاندنیان چارەسەری گرفتەكان ناكات. لە حكوومەتدا هەموو حزبەكان بەشدارن و لە داڕشتنی هەر سیاسەتێك هەموویان ئاگادار و بەرپرسن. ناكرێ حزبێك سوودمەندی حكوومەت بێت و لە هەمانكاتدا ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنی هەبێت و موزایەدات بكات.
پێویستە خودی حكوومەت و حزبە بەشداربووەكانی لەگەڵ خەڵك ڕاستگۆ بن و بوێرانە هۆكارە ڕاستەقینەكانی قەیران و نەبوونی بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون بكەنەوە. موزایەدات و بەهەڵەتێگەیاندن و شەڕی ئیعلامی دادی كێشەكان نادات و متمانەی نێوان حزبەكان و جەماوەر ناهێڵێت. تووڕەیی ئێستای خەڵك تووڕەییە لە بیستنی درۆودەلەسە و موزایەدات هەم لە حكوومەت هەمیش لە حزبەكان. ئەگینا گەلێك لە بەرانبەر كیمیاباران و جینۆساید و زوڵمی داگیركار پشتی نەچەمابێت چۆن لەبەرانبەر بێ مووچەییدا خۆی بە دەستەوە دەدات؟