Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی ده‌یه‌وێ گه‌ره‌نتی هه‌بێ، تاكو گۆڕان چیدی پێشووی نه‌نێته‌وه‌

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی کاراکردنەوەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، خۆیان داوایان کردووه‌ کۆبوونەوەی فراوانی نێوان سەرۆکی ھەرێم و لایەنەکان دوابخرێت؛ ئه‌و ده‌ڵێ، مه‌به‌ستیان بووه‌ به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ لێکتێگەیشتنی زیاتر بێته‌ ئاراوه‌ و، بڕیاری کرده‌نی و جیددی و باشی تێدا بدرێت.

ئەندامی لیژنەی کاراکردنه‌وه‌ی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان (عومەر محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕان باس لەوە دەکات کە بێمەرج بێت و، پارتییش باس لەوە دەکات پێویستە زەمان ھەبێت ئەو شتانە دووبارە نەبێتەوە كه‌ ڕوویان دا و، ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بکرێت، بۆیە ئەمەش پێویستی بەوە ھەیە قسەی زیاتری لەبارەوە بکرێت.''

(عومەر محەمەد) گوتیشی، ''هێشتا بڕیارمان نەداوە لەگەڵ لایەنەکاندا کۆ ببینەوە، بەڵام پێوستی دەکات، بۆیە ئێمە وەکو یەکگرتوو ئەگەر بزانین کە کۆمیتەکە ناتوانێ سەقامگیری بگێڕێتەوە، ئەوا ئێمەش ھەڵوێستی خۆمان دەبێت.''

ھەروەھا ڕاشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا پارتی سوورە لەسەر گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی پەرلەماندا و گۆڕانیش باس لەوە دەکات پێویستە بێمەرج بێت و، ئەگەر گەڕانەوە ئەوکات ئامادەن قسە لەسەر ھەموو شتێک بکەن تەنانەت حکوومەتیش."

ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئەگەر لیژنەی ئێمە دەستەڵاتی تەواوی ھەبووایە بۆ ئەوەی حکوومەت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە دەیتوانی بڕیار بدات، بەڵام پێویستە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەی فراوان و، ئەگەر بگەڕاباینەوە بۆ کۆبوونەوە ھیچ بڕیارێکی تێدا نەدرایە ئەوکات خەڵک ڕەشبینتر دەبوون، بۆیە حەزمان نەدەکرد کۆبوونەوە بکرێت کە نەتوانی ھەندێک بڕیار بدات کە دڵخۆشکەر بێت بۆ ھاووڵاتیان.''

(محەممەد) باسی لەوەش کرد، ''داوامان کردووە دەستەڵاتی زیاتر بە لیژنەکەمان بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.''

بڵند ئیبراھیم