Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر..قۆناغ بە قۆناغ نرخی هەموو شتێک کەم دەکرێتەوە

هەولێر.ئەرشیڤ.

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر ئاشکرای کرد، کە پرۆسەی کەمکردنەوەی نرخی کەلوپەل و شتەکانی دیکە دەستی پێکردووە و قۆناغ بە قۆناغ نرخی ھەموو شتێک کەم دەکرێتەوە و ھەر کەسێکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر (ھەمزە حامد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری ھەولێر (نەوزاد ھادی) پێک ھاتووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە نرخی ھەموو شتێکدا بکرێت لە چایخانە و قاوەخانە تا دەگاتە کرێی خانوو و نرخی ھەموو شتێک کەم دەکرێتەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ داھات و خەرجی ئێستادا بگونجێت."

(ھەمزە حامد) گوتیشی: "ئێستا کاری کەمکردنەوەی نرخ دەستی پێکردووە و، بەردەوامیش دەبێت، بەڵام قۆناغ‌بەقۆناغ دەبێت تاوەکو نرخی نوێ بۆ ھەموو شتێک دیاری دەکرێت."

(حامد) ڕوونیشی کردەوە، پێویستە ھەموو لایەک پابەند بن بەو نرخانەی بۆیان دیاری دەکرێت و، ھەر کەسێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

بڵند ئیبراھیم