Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرێی خوێندن کەم کرایەوە

هەولێر-KDP.info- کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ساڵانەی ڕاگەیێندرا؛ بۆ پەیمانگای تایبەت بە ڕێژەی سەدا١٠ و بۆ زانکۆ تایبەتەکانیش سەدا١٥ دەبێ.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە سەرۆکی چەند زانکۆیەکی تایبەت و سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون، د. محەمەد سابیر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ئاکامی کۆبوونەوەکەی بە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ڕاگەیاند و گوتی: "لەسەر پێشنیازی نووسراوی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی وەزارەتەکەمان کرابوو، ئەمڕۆ د. یووسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتیی کۆبونەوەیەکی فراوانی کرد."
گوتیشی لەو کۆبونەوەیەدا بە ڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخە داراییەی هەرێمی کوردستان و دۆخی دارایی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر چۆنیەتیی داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کرا، بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر کواڵیتی خوێندن لە زانکۆکان نەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا دوای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان، لە ئەنجامدا ئەو بڕیارانەیان دا:
١. داشکاندنی (١٠%)ـی کرێی خوێندن لە پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ـ٢٠١٦).
٢. داشکاندنی (١٥%)ـی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ـ٢٠١٦).