Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی نوێنەری تایبەتی UN ی ئاگادار کردەوە

هەولێر-KDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9 - 2 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژان كۆبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و سۆكۆل كۆندی بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا باس لە دوا پێشهات و پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەكانی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و دوا سەردانی بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و گفتوگۆ و دیدارەكانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی عێراق كرا. هەردوولا ئەو سەردانەیان بۆ بەردەوامیی دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا و چارسەركردنی كێشەكان بە گرنگ زانی.

بەرێز كۆبیش لە وتەیەكدا باسی لە مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە بەرلەوەی سەردانی بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیوویۆرك بكات، ئەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە ببێت.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا سەرەتا سوپاسی بەڕێز سۆكۆل كۆندی بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان كرد كە ئەركی لە هەرێم بەكۆتا هاتووە، بۆ ئەو كار و ئەركانەی لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی داون و هیوای سەركەوتنی لە كاری نوێیدا بۆ خواست.

دواتر باسی لە هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر و هۆكاری دروستبوونی ئەو قەیرانە داراییە كرد كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و لەمبارەیەشەوە هیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بوارەكانی سەربازی، مرۆیی و چارەسەركردن و دەربازكردنی قەیرانی داراییدا، هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.