Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەگەر نرخی ئینتەرنێت کەمنەکەنەوە گرێبەستی کۆمپانیاکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە"

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن هەڕەشەی راگرتنی كارەكانی ئەو كۆمپانیایانە دەكات كە پابەندی كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت نابن.


رۆژی سێشەممە 9-2-2016 بە نووسراوی تایبەتی ژمارە 27 نووسینگەی وەزیری گواستنەوە ئاگادارییەكی بۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بڵاوكردەوە.

وەزارەتی گواستنەوە گەیاندن رایدەگەیەنێت:" بڕیاربوو لەسەرەتای مانگی شوباتەوە كۆمپانیاكان بڕیاری پێویست بەداشكانی نرخەكانیان لەنێوان 10% تا 30% بدەن، بەڵام لە كۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەممە 2-2-2016 بڕیارەكەی وەزارەت كرایە بڕیاری ئەنجوومەن وەك بەشێك لە پرۆسەی كەمكردنەوەو دابەزاندنی نرخەكان و ئەم بڕیارە لەلایەن دام و دەزگای بەرپرسەوە جێبەجێ دەكرێت".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هاتووە:" ئێمە لای خۆمانەوە بڕیاری ئەوەمان وەرگرتووە كە هەر كۆمپانیایەك داشكاندن نەكات كاروبارەكانی لە لایەن وەزارەتەوە رادەگیرێت و دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دەدەین".