Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی هەرێم پێویستی بە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

هەولێر-KDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9 - 2 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە تۆرستن شیڤەر جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی سۆشیال دیموكرات لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا  شیڤەر، جیا لە دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی لەسەر ئامانجی سەردانەكەیان پێشكەش كرد و دووپاتی كردەوە كە لە بوارەكانی سەربازی و مرۆیی و ئابووری و چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكاندا، پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن. هەروەها باسی لە ڕۆڵی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد بۆ ناردنی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی ئەڵمانی دەربڕی و سوپاسی گەل و حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای كرد بۆ پشتگیرییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكان و قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هەموو پێكهاتەكان بە تایبەتی لە كوردانی ئێزدی و ناساندنی كارەساتی كوردانی ئێزدی بە جینۆساید.

هەروەك پوختەیەكیشی دەربارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، خستە ڕوو و دووپاتی كردەوە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە حكوومەتی هەرێم پێویستی بە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەتایبەتی لە بواری پسپۆڕی و شارەزاییدا و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە ڕێكار و هەنگاوە چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

لەسەر ئاستی سیاسیش نێچیرڤان بارزانی باسی لەو لێژنەیە كرد كە بۆ ئاساییكردنەوەی كاری پەرلەمان و حكوومەت لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە پێكهێنراوە بە هیوای ئەوەی لەسەر سەرجەم پرس و كێشەكانی ناوخۆ بگەنە چارە و كۆدەنگییەكی تەواو.
تاوتوێكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و تۆكمەتركردنیان و ڕەوشی ناوچەكە و چەند بابەتێكی دیكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.