Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا مووچەی 35 ھەزار پێشمەرگە دابین دەکا

هەولێر-KDP.info- نوێنەری ئەمەریکا و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەو وڵاتە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە خەریکی تاوتوێکردنی دابینکردنی بودجەیەکی ھاوکاریدان بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و رایان گەیاندووە وڵاتەکەیان دەیەوێ مووچە و بودجەی زیاتر لە ٣٥ ھەزار پێشمەرگە لە ئەستۆ بگرێت.

لەم ماوەیەدا شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێک ھاتبوو لە ھەریەکە لە (فواد حسێن، فەلاح مستەفا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان) بۆ دابینکردنی بودجەی پێشمەرگە و خەرجیی شەڕی دژ بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، سەردانی واشنتۆنی کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم ژمارەیەی حەفتەنامەی (باس)، ئەمەریکاییەکان لە وەڵامی داوایەکی شاندەکەی ھەرێمدا، ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە دەتوانن مووچە و بودجەی ٣٥ ھەزار پێشمەرگە بدەن، بە مەرجێک تەواوی ئەو ھێزانەی کە مووچەیان پێ دەدەن، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای زیاتری کردووە و ئێستا گفتوگۆکان لەم پێوەندییەدا ھێشتا بەردەوامن.

(فەریق جەبار یاوەر) گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، دوێنێ دووشەمە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان کردووە و چەند ئەندامێکی کۆنگرێسیش ئامادەی بوون، گوتی: "تا ئێستا وەڵامەکانی ئەمەریکا بۆ چەندێتیی ھاوکارییەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان فەرمی نییە."

راشیگەیاند، ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆدان، گوتی: "ئەمەریکاییەکان دەبێ بابەتەکە ببەنە لای حکوومەتی خۆیان و ئەوانیش دوای رەزامەندیی رەوانەی کۆنگرێسی دەکەن و دوای پەسەندکردنی ئەو ھاوکارییەی کە بڕیاری لێ دەدرێ بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێ."

(دلێر مستەفا) جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی سەوز، رایگەیاند، ئاگاداری ئەوەین کە ئەمەریکا و ھاوپەیمانانیش بە تەواوی ھاتوونەتە سەر خەت بۆ ھاوکاریکردن و دابینکردنی بەشێک لە مووچەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە وەکو بڕیار و بەشێوەیەکی فەرمی یەکلا نەبووەتەوە.

گوتیشی: "لە ھەفتەی داھاتوو پێشبینی دەکرێ جۆر و چەندێتیی ئەو ھاوکارییە دەرکەوێت کە ئەمەریکا دەیەوێ یارمەتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی پێ بدات."

پێشتر، (شاخەوان عەبدوڵڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئێستا کە ھێزی پێشمەرگە ھیچ مووچە و ئیمتیازێک لە بەغدا وەرناگرێ، کاتیەتی و پاساوێکی یاسایی باشە کە جیھەتێکی دیکەی فەرمی پاڵپشتیی پێشمەرگە بکات لەو شەڕە قورسەدا کە رۆژانە پێویستی بە چەک و تەقەمەنییە.
راشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەمەریکاییەکان، وەڵامی ئەرێنییان لەو بارەیەوە پێ دراوە.