Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەیەكی نوێی مووچەی ڕاگەیاند كە تێیدا بڕی پاشەكەوتكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دیاری كراوە.

بە هۆی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی بڕێكی كەم پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند. ئەمڕۆش  لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا بە سەرپەرشتیی (ڕابەر سدیق محەممەد) بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و، لە كۆبوونەوەكەدا رێنماییەكان دران بە بەڕێوەبەری حیساباتەكانی گشت وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان و خشتەی مووچەی خۆیان وەرگرت و ناردیان بۆ خەزێنە تا بۆیان سەرف بكەن و، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوویشدا دەست دەكرێتەوە بە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران.

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، خشتەیەكی نوێی مووچە ئامادە كرا كە تێیدا بڕی پاشەكەوتكردنی پارەی هەر پلەیەكی وەزیفی دیاری كراوە.

بەپێی زانیارییەكانیش، ڕێژەی پاشەكەوتكردنەكە لە %١٥ دەست پێدەكات تاكو %٧٥ و ئەم  رێژەیە كاتییە بۆ هەر مانگێكە تا داهاتی هەرێمی كوردستان بەرز دەبێتەوە و دواتر مووچەخۆران دڵنیا دەكرێنەوە دەچێتەوە ئاستی جارانی خۆی، بەڵام ئەم پاشەكەوتكردنە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و زێرەڤانی ناگرێـتەوە.

فایزە پاڵانی