Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: دەبێ پێش رزگارکردنی مووسڵ رێککەوتن لەسەر رەوشی ئیداری و سەربازییی ئەم پارێزگایە بکرێت

هه‌ولێر-KDP.info-  (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان له‌ پێشوازی (خالید عوبێدی) وەزیری بەرگریی عێراق رایگه‌یاند، قۆناغی دوای رزگارکردنی مووسڵ بۆ هەرێم گرینگە و دەبێت پێشتر ڕوون ببێت و رێکەوتن هەبێت کە پێشمەرگە لە  چ دەڤەر و هێلێک جێگیر دەبێت و چۆن ئیدارەیەکی هاوسەنگ بۆ ئەم پارێزگایە دادەنرێت بەجۆرێک هەلەکانی ڕابردوو بەرانبەر بە پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم پارێزگایە دووبارە نەبنەوە.

دوا نیوەڕۆی ئەمرۆ شه‌ممه‌ 28/11/2015 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە (خالید عوبێدی) وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق کرد. لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکانی دەڤەرەکە و چۆنیەتی هەماهەنگیی نێوان دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.
لەم دانیشتنەدا تیشک خرایە سەر بابەتی رزگارکردنی مووسڵ و وەزیری بەرگریی عێراق ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگالی بە سەرکەوتنێکی گەورە پێناسە کرد کە کاریگەریی زۆری لە سەر پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ دەبێت.

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە هەرێم تەنیا مامەلە لەگەل هێزە فەرمی و دەستورییەکانی عێراقدا دەکات، چونکە ئەم هێزانە نابنە هۆی ورووژاندنی هەستیاریی تایفی. لە بارەی بەشداریی پێشمەرگەش لەم ئۆپەراسیۆنەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ڕوونی کردەوە، کە پێشمەرگە هێزێکی کاریگەری سەر زەوییە  بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، بۆیە هاوکار دەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە هەر ناوچەیەک، کە پێویست بکات، هه‌روه‌ها (مەسروور بارزانی) ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغی دوای رزگار کردنی مووسڵ بۆ هەرێم گرنگە و دەبێت پێشتر ڕوون ببێت و رێکەوتن هەبێت کە پێشمەرگە لە  چ دەڤەر و هێلێک جێگیر دەبێت و چۆن ئیدارەیەکی هاوسەنگ بۆ ئەم پارێزگایە دادەنرێت بەجۆرێک هەلەکانی ڕابردوو بەرامبەر بە پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم پارێزگایە دووبارە نەبنەوە.

لە میانەی ئەم دیدارەدا وەزیری بەرگری توانا و قارەمانێتی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە هاوکاریی بەغدا بۆ پێشمەرگە لە ئاستی پێویست نەبووە و هیوای خواست بەربەستە سیاسییەکانی بەردەم هاوکاریی پێشمەرگە لابدرێن.