Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كاتی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردانە

واشنتۆن-KDP.info- لە ڕاپۆرتێكی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی (دەیلی‌بێست)ـی ئەمەریكادا، ڕاپۆرتێك لە ژێر ناوونیشانی (بۆچی ئێستا كاتی كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆیە)ـدا بڵاو كراوەتەوە و، تێیدا ڕایگەیاندووە كە كاتی ئەوەیە دیبەتەكان لەسەر شاییستەیی كوردان بۆ سەربەخۆیی و ناسەربەخۆیی ڕابگیرێن، چونكە كورد ئەو حەز و، مافەی بۆ سەربەخۆیی هەیە. نزیكەی چل ملیۆن كورد بە بێ دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە توركیا، عێراق، سووریا و ئێراندا دەژین، ئەوان دەمێكە خەونی سەربەخۆییان هەیە، بەڵام دەرفەتیان نەبووە و لە وڵاتەكانیاندا دژایەتی كراون، هەروەها ئەمەریكا و هاپەیمانانی ڕۆژئاوایش، لەبەر خاتری ئەو وڵاتانە و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دژایەتیی دەوڵەتی كوردییان كردووە.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پرسی سەربەخۆیی كوردان پرسیارێك نییە كە بڵێی پێویستە جیهان ڕێگا بە سەربەخۆیی كوردان بدات، بەڵكە مەسەلەیەكە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیوەست دەكات بەوەی كە ئاوڕێك بە لای كوردەكاندا بداتەوە بزانێت پێشتر چییان هەبووە، ئەوەتا لە بەشەكەی عێراق و هەروەها لە سووریایش وەكو دیفاكتۆیەك كورد دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی هەیە و، لە توركیایش داخوازیی بۆ ئەوە هەیە، ئەگەرچی لە ئێراندا ئەو چانسە هێشتا كەمە.

لەسەر باشوری كوردستانیش نوسیوویەتی، كوردەكان لە باشوور لە ساڵی (١٩٩١)ـەوە خۆیان بەڕێوە دەبەن، لە دوای ڕووخانی حكوومەتەكەی (سەددام)ـیشەوە ئەوان هەرێمێكی فیدڕاڵین و، كاروبارەكانی خۆیان لە چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەییدا باشتر ڕێك خستووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە نییە بە فەرمی دەوڵەت ڕابگەیێنێت، ئەوان پێشتر ئەو مافەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان پێڕۆ كردووە.

ڕاپۆرتەكە خاڵی بەهێزی حكوومەتی هەرێمی بە نموونە هێناوەتەوە كە سەربەخۆیی ئابوورییە و نوسیویەتی، وێڕای دژایەتیكردنی بەغدا و تاڕاددەیەك ئەمەریكایش، بەڵام هەرێم توانیویەتی كەرتی نەوت و بەبازاڕكردنی گەشە پێ بدات و بەرەو پێشەوەی ببات.

جگە لەوانەیش، شەڕی داعش و بەهێزیی كورد لەو شەڕەدا پشتگیرییەكەی نێودەوڵەتیی باشی بۆ گەلی كورد دروست كردووە كە شاییستەی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتین. ئەوەتا ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، خاڵی گرینگ و بەپەلە ئەوەیە كە، ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت ئەوە قبووڵ بكەن كە كورد هێزێكی شەڕكەری گرینگە لە ناوچەكەدا بۆ شەڕی داعش، پشتگیرییەكی باشی نێودەوڵەتییشیان هەیە، ئەوەیش خاڵێكی بە‌هێزی دیكەیە كە كورد لە سەربەخۆیی نزیكتر دەكاتەوە.

 

لەسەر ڕێكارەكانی دەوڵەتێكی سەربەخۆیش، باسی هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردووە و تێیدا نووسیویەتی، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هاوینی (٢٠١٤)ـدا پلانی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند، بەڵام دوای خست لەبەر شەڕی داعش و، بەرگریكردنی لەو شەڕەدا پێش شتەكانی دیكەوە خست.

شیاوی گوتنە، ڕاپۆرتەكە لەو باوەڕەدایە كە جیهان و كوردەكانیش دەبێت ئەوە قبووڵ بكەن چەند كوردستانێك (خۆبەڕێوەبردنێك)ـی سەربەخۆ باشترە، ئەوەیش لەبەر جیاوازییەكان و، لەو حاڵەتەیشدا دەستتێوەردان و گرژییەكان لەلایەن پارتییە سیاسیەكانی كوردستانەوە لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا كەمتر دەبێت و، سەقامگیرییش زیاتر دەبێت.

لە كۆتاییدا ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، بە گەڕانەوە بۆ ئەوەی كە پێشتر چۆن هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا كراوە و، هەروەها حاڵی حازریش لە گەڵیاندا دەكرێت لەو وڵاتانەی كە تێیدا دەژین، جێگای سەرسووڕمان نییە كە كوردەكان داوای سەربەخۆیی بكەن و شەڕ بۆ ئەو مافەیان بكەن. ئێستا كاتی ئەوەیە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو حەزەی كورد لە بەرچاو بگرێت و، یارمەتییان بدات بۆ بیناكردنی سەقامگیری و ئاساییش و دامەزراوەیی دیموكراتی لەجیاتی پشتیوانیكردنی ئەوانەی حوكم بەسەر كورددا دەكەن.

 

و/ خالید گەیلانی