عوسمان عه‌لى وه‌یسى
ئه‌گه‌ر مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی (سیسته‌مێكى حوكمڕانى رێكخراو – ده‌وڵه‌ت)دا نه‌ژیێت، ئه‌وا بێ نیشتیمانه، ئه‌وكاتیش كه‌سێكى بزربوو ده‌بێ و له ده‌ره‌وه‌ى ئاستى مرۆڤدا ده‌ژى، مرۆڤ بێ موڵگه و بێ خێزان و بێ یاسا، ته‌نها بیر له جه‌نگ و ركابه‌ریى دوژمنكارانه ده‌كاته‌وه و به هیچ كۆتێك پابه‌ند نابَیت.
ئه‌و مرۆڤ و مرۆڤگهلهى پێىان وایه، هه‌ركه‌سێ ده‌توانێ پێویستى به‌وانى تر نه‌بێت یان حه‌ز به ئارهزوووى مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تر نه‌كات، ئه‌رستۆ گوته‌نى، یان خودایه یان وه‌حشه.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت (كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسى) ئامرازێك بێت بۆ هێنانه دى ئامانجێكى مه‌زنتر، كه ئه‌ویش چاكه‌ى گشتى و خێروبێرى گشتییه، واته مرۆڤ ته‌نها بۆ ئه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی‌دا نابێت تا له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تر بژیێت، به‌ڵكو له پێناو ئه‌وه‌یه كه به شێوه‌یه‌كى باشتر و شایسته‌تر له‌كه‌ڵ ئه‌وانى تر بژیێت، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تیش له پێناو هێنانه‌دى ئه‌م ئامانجه ده‌بێ كار بكه‌ن و ره‌وایى ماهییه‌ت و بوونیان ده‌بێت.
یاساى دادپه‌روه‌رى ئه‌و به‌خته‌وه‌رى و فهزیڵهتهیه كه ده‌مانه‌وێت به‌ده‌ستى بهێنین، دادپه‌روه‌رى ئه‌و یاسا سرووشتییه‌یه كه ده‌بێ یاسا‌و ئیراده‌ى یاسادانه‌ر (موشه‌ریع) پێیه‌وه پابه‌ند بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه باڵاده‌ست نه‌بێت، نه یه‌كسانیى نێوان هه‌مووان و نه له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌رجه‌سته ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن له یاسایه‌كى دانراو پێچه‌وانه‌ى لۆژیكى یاساى سرووشتى بوو، ئه‌وا یاسایه‌كى سه‌پێنراوى داپڵۆسێنه‌ره، كاتێ تاك قوربانى ده‌دات به ئیراده‌ى ڕه‌هاى خۆى له پێناو به‌هایه‌كى پیرۆزتر و مه‌زنتره كه ناوى داد و به‌هاى ره‌وشتى و فه‌زیڵه‌ت و یاساى سرووشتییه.
له‌وانه‌یه یاساى دانراو پێچه‌وانه‌ى یاساى سرووشتى بێت، به شێوه‌یه‌ك ببێته هۆى پیاده‌كردنى زوڵم نه‌ك دادپه‌روه‌رى، هه‌ر بۆیه په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌م دوو یاسایه له دوو ئاستدا ده‌بینرێ:
یه‌كه‌م: یاساى سرووشتى ئه‌وه له تاكه‌كان ده‌خوازێ كه په‌یڕه‌وى یاساى دانراو بكه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ر دادپهروهریهكى لێوه به دى بێت، به هۆى ئه‌وه‌ش كه یاساى دانراو له هه‌موو ده‌ستووره‌كاندا یه‌ك نییه ئه‌وا دادپه‌روه‌ریش له هه‌ریه‌كه‌یان جیاواز ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ئه‌و یاسایانه په‌یڕه‌و بكرێن و پهیگیرى پێیانه‌وه بێته كردن ئه‌گه‌رچى ئاستى گوزارشتكردنیان له یاساى سرووشتى جیاواز بێت.
ئا لێره‌دا، كاتێ له قۆناغێك له قۆناغه‌كان، له سیسته‌مێكى سیاسى، له كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسى، له ده‌وڵه‌تێكدا، یاسایه‌كى دانراو، ده‌ستوورێكى دیاریكراو، عورفێكى ده‌ستوورى هه‌بێت، به ڕێوشوێنى ئوسوڵى یاسایى هاتبێته ئاراوه، بوارێكى گشتگیرى ژیانى رێكخستبێت، ده‌بێ به یاسایه‌كى به‌ركارى دادپه‌روه‌ر بزانرێت ئه‌گه‌ر به جیاواز له‌گه‌ڵ یاساى سرووشتیش بزانرێت، ئه‌گه‌رچى بۆچوونى جیاواز و كه‌سى لێ بكه‌وێته‌وه.
دووهه‌م: یاسادانه‌ر (موشه‌ریع) كه به ئیراده‌ى خۆى یاساى مولزه‌م – په‌یگیر و پابه‌ند بۆ تاكه‌كان و سیسته‌مى سیاسیى كۆمه‌ڵگه به گشتى داده‌نێت، ده‌بێ ته‌واو پهیگیرى به پره‌نسیپه‌كانى یاساى سرووشتى بكات كه یاساى دانراو هێز و تواناى خۆى لێ وه‌رده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر به تێگه‌یشتنى گرووپێك، یان ته‌نانه‌ت لۆژیك، گرفتێك، كێشه‌یه‌ك، له یاسایه‌كیش هه‌بوو، ئه‌وا پابه‌ندبوون پێیه‌وه ئه‌ركه و وێڕاى بوونى ئه‌و كێشه‌یه، چونكه ناگاته ئه‌و ئاسته‌ى كه یاساى دانراو به پێچه‌وانه‌ى یاساى سرووشتى به‌ركاره، چونكه شه‌ڕێكى نه‌خوازراوى گه‌وره‌یه بمانه‌وێت هێز له یاسا وه‌ربگرین و گه‌ل وا رابێنین كه سه‌رپێچى بكات.
له كوردستاندا، ده‌بێ پارێزگارى له سه‌روه‌رى یاسا و یاسا به‌ركاره‌كان بكرێت، نابێت رێگه بدرێت له ده‌ره‌وه‌ى تێگه‌یشتنێكى گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن ئارامى و سه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى بشێوێنرێت، له‌م ناوه‌شدا هێزى میدیاكار ده‌بێ خه‌ڵك و راى گشتى له گه‌ڵ ئه‌م په‌روه‌رده‌یه رابهێنن نه‌ك رق و توڕه‌یى جه‌ماوه‌ر به ئاراسته‌ى ناشیرینكردنى نیشتمان له سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتنێكى جیاواز له‌گه‌ڵ سیسته‌مى هه‌بوو په‌روه‌رده بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك به ماناى رێگرتن له ئازادى و ره‌خنه‌ى ئازاد و خوێندنه‌وه‌ى جیاواز و نیشاندانى جیاوازییه‌كان ناگه‌یێنێت.
لێره‌وه ده‌گوترێ، كه دادپه‌روه‌رى رێژه‌ییه، ده‌بێ بپارێزرێ، پاراستنى سیسته‌م له ناو ده‌وڵه‌ت، له ناو كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسى، له هه‌رێمى كوردستان، گرینگتره له به‌هاى یاسایه‌كى نووسراوى پێوان به پێوه‌رى تاك پێوه‌ر و تایبه‌ت.
تۆماس ئهكوینى ده‌ڵێت: ناساندنى چاكه‌ى ره‌وشتى (فهزیڵهى ئه‌خلاقى) به هۆى عه‌قڵى ته‌ندروسته‌وه ده‌بێت، كه‌واته ئه‌وه‌ى عه‌قڵ له‌سه‌ر ئینسان دادویستى داده‌نێ، ئه‌وه یاساى سرووشتییه، كه مه‌عقول و مایه‌ى ره‌زامه‌ندییه.
یاساى سرووشتى، بارى سرووشتى نییه كه هێشتا سۆزایهتى دروست نه‌بووبێت و په‌یوه‌ندییه‌كان رێك نه‌خرابن و كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى نه‌هاتبێته ئاراوه، هه‌ر بۆیه مادام عه‌قڵ ئامرازى مرۆڤه بۆ دۆزینه‌وه و پێ‌زانین به دادپه‌وه‌رى و پره‌نسیپه‌كانى یاساى سرووشتى، ئه‌وا ناوى یاساى سرووشتى به ناوى یاساى عه‌قڵیش ده‌برێت كه له سه‌ر ده‌ستى كانت ئه‌م دووانه وه‌ك هاو واتا ناوزه‌د كران.
بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان به عه‌قڵانى بكرێ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تاكێك یان چه‌ند تاكێك به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن، ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى كه عه‌قڵ و عه‌قڵانیه‌ت قبووڵى ده‌كات به كار ببرێت، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كه‌سانه ده‌بنه سته‌مكار و دیكتاتۆر، وه‌ك ئه‌رستۆ ده‌ڵێ: ده‌سه‌ڵات ناده‌ینه مرۆڤ، به‌ڵكو ده‌درێته عه‌قڵ، چونكه له واقیعدا مرۆڤ ده‌سه‌ڵات بۆ خولیا و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى به كاردێنێ و به هۆیه‌وه ده‌بێته سته‌مكار.
كاتێ یاسادانه‌ر- په‌رله‌مان، بیر له دانانى یاسا و ده‌ركردنى یاسایه‌ك ده‌كات، به‌وپێیه یاسا داده‌نێ كه عه‌قڵێكى موجه‌ڕڕه‌ده له هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى و ئاره‌زوو و مه‌به‌ستێكى تایبه‌ت، یان پێویسته به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا كار بكات، به‌م شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان نابێته ده‌سه‌ڵاتێكى سته‌مكار، به‌ڵكو كارێكى عه‌قڵانى ده‌كات كه سه‌رئه‌نجام په‌ى به دادپه‌روه‌رى ده‌بات به هۆى عه‌قڵى ته‌ندروسته‌وه.
ره‌وشى مێژووى سیاسیی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و فه‌ره‌نسا و... سه‌باره‌ت به عهقلانیكردنى په‌رله‌مان، یه‌كێكه له‌و باسانه‌ى كه دووتوێى مێژووى سیاسیى ئه‌و وڵاتانه‌ى ته‌نیوه، له كوردستانیش پێویستییه‌كى هه‌نوكه‌ییه، به‌و هیوایه‌ى خوێنه‌ر به چاوى زانستى و به‌رپرسانه وشه‌كان شه‌نوكه‌و بكات.