Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"450 خێزانی دیكە ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌عدیه‌"

سه‌عدیه‌ -KDP.info-  پاش ئەوەی ناوچەكە كەوتە دەستی داعش و خەڵكەكەی ئاوارە بوون، بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە لە سنووری شاری خانەقین ئاشكرای دەكات،  تا ئێستا 750 خێزان گەڕێندراونەتەوە و نزیكەی هەزار خێزانی دیكەش دەگەڕێنەوە و بەشێكی زۆری خزمەتگوزارییەكانیش چاك كراونەتەوە.

بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە (ئەحمەد سامر) بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند تا ئێستا 750 خێزانی ئاوارەیان گەڕاندووه‌تەوە بۆ شارەدێی سەعدیە و بڕیارە لە حەفتەی داهاتوویشدا 450 خێزانی دیكە بگەڕێننەوە كە ئێستا مامەڵەكانیان تەواو بوون و پاش ئەوەی 535 خێزانی دیكەش ناونووس كراون كە ئەوانیش بە هەمان شێوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەڵام تا ئێستا رێوشوێنی ئەمنی و مامەڵەكانیان بۆ تەواو نەكراوە.
ئەحمەد سامر وتیشی، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دوای ئەوەدێت لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە "حەشدی­شەعبی" سەقامگیری و ئارامی بۆ شارەدێی سەعدیە گەڕێندرایەوە و ناوچەكە لە بۆمب و تەقەمەنییەكانی پاش داعش پاك كرانەوە. هاوكات حكومەتی دیالەش چەند كێشە و گرفت و خزمەتگوزارییەكی چارەسەر كردووە لەوانەش ئاو كارەبا و چاكرددنەوەی فەرمانگە و رێگاوبانە سەرەكییەكان، بەڵام هێشتا كێشە و گرفتی دیكە ماون و چاوەڕێ‌ دەكەن رێكخراوە نێودەوڵەتی و خێرخوازییەكان هاوكارییان بكەن بە تایبەتی لە چاككردنەوەی خانووە رووخاوەكانی هاووڵاتیان.

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە پاش پارێزگای مووسڵ، شارەدێی سەعدیەی سەر بە شاری خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە كە هاوسنوورە لە گەڵ گەرمیان، لەو ناوچانە بوو كە هەر زوو كەوتە دەستی داعش و سوپای عێراق لە ناوچەكە هەڵهاتن و خەڵكەكەشی ئاوارەی خانەقین و ناوچەكانی گەرمیان بوون. پاش ئەوەی ناوچەكە بۆ نزیكەی شەش مانگ لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارەكان بوو، لە گەڵ كۆنترۆڵكردنەوەی جەلەولا سەعدیەش ئازاد كرا و كەوتە ژێر دەسەڵاتی حەشدی­شەعبییەوە.

سیروان جاف