Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری بەرگریی عێراق: سەركەوتنی شنگال، سەركەوتنی هەموو عێراقە


هه‌ولێر-KDP.info-  له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان، وه‌زیری به‌رگری عێراق پیرۆزبایی ئازادكردنی شەنگالی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی شەنگال كرد و ئەم سەركەوتنەی بە سەركەوتنی هەموو عێراق وەسف كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە )خالد  عوبه‌یدی) وەزیری بەرگریی عێراق و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا وەزیری بەرگریی عێراق پیرۆزبایی ئازادكردنی شەنگالی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی شەنگال كرد و ئەم سەركەوتنەی بە سەركەوتنی هەموو عێراق وەسف كرد.
لە تەوەرێكی دیكەدا دۆخی سەربازیی بەرەكانی جەنگ لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق لە دژی داعش تاوتوێ كرا و گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دووپات كرایەوە و لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەییی هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی لەگەل دەزگا سەربازی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پلانی ڕزگاركردنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش كرا و تیشك خرایە سەر ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شارەكە كە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانیشەوە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە و لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ پلانی ڕزگاركردنی مووسڵ و پشتگیریكردنی ئەو پلانە دووپات كردەوە و ڕزگاركردنی شاری مووسڵی بە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان زانی.
هەروەها هەردوولا باسیان لە ڕۆڵ و بەشداری كارای ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد، تیشكیان خستە سەر گرنگیی بەشداریكردنی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردنی مووسڵدا.
تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشێكی دیكەی دیداری نێوان بەڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی عێراق بوو و تیایدا داكۆكی لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئارامیی سیاسی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دەداتە تەواوی عێراق بە تایبەتی پرۆسە سیاسییەكەی.