Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال

هەولێر  -KDP.info-بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێ لەوەتی شنگال و دەوروبەرەکەی ئازاد کراوە، زۆر گۆڕی بەكۆمەڵمان دۆزیوەتەوە؛ دووڕێیانەکەی حەردانەوە تا دەگاتەوە دوا خاڵی هێزی پێشمەرگە، دە گۆڕی بەكۆمەڵی لێیە؛ وردەوردە هەڵیان‌دەدەینەوە.

(بەرەڤان حەمدی) بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە پرۆسەكانی ڕابردووی ئازادكردنی دەوروبەری شنگال تا چیای شەنگال سێ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراوەتەوە لە ناوچەكانی (سنوونێ و خانەسۆر و بەردیا)، هەروەها چەند لاشەیەكیش لێرەولەوێ هەڵگیراونەتەوە. بەڵام لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی 12ی ئەم مانگە و ئازادکردنی شنگال و دەوروبەرەکەی, لە بەرێکەوە گۆڕی بەكۆمەڵ دەدۆزینەوە؛ لە حەردانەوە تا دەگاتەوە دوا خاڵی هێزی پێشمەرگە، دە گۆڕی بەكۆمەڵمان دۆزیوەتەوە."
(حەمدی) ئاشكراشی كرد: "تیمێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان سەردانی سنوورەكەی كردووە و، تەواوی ناوچەكەیان دیوە, دوای گەڕانەوەی تیمەكە، بیری لێ دەکەینەوە بزانین بە چ كەرەستە و شێوەیەک گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵبدەینەوە, تا كارەكە بە شێوەیەكی دروست بەڕێوە بچێ. بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا لە شنگال هەیە سەداسەد جێگیر نییە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵ؛ دەبێ سەرەتا تیمی هەندەسەی سەربازی گۆڕەکان بپشكنێت؛ بێجگە لەوەیش هەندێ لە گۆرە بەكۆمەڵەكان لە خاڵی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەدانە، جارێ زەحمەتە هەڵیان‌بدەینەوە، بەڵام وا خۆمان گورجەوە دەکەین ئەوانی دی هەڵبدەینەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕایشیگەیاند: "ئێمە بەپێی یاسا گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵدەدەینەوە؛ قۆناغی یەكەم دۆزینەوەیە و، قۆناغی دووەم پاراستنی گۆرە بەكۆمەڵەكانە؛ پاشانیش خەڵك ئاگادار دەکەینەوە نەچن دەستكارییان بکەن، نەکا بەڵگەیەک بفەوتێت. پاشان بە بڕیاری دادوەر و لیژنەی تایبەتمەند لە تیمی گۆڕی بەكۆمەڵ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان دەكەن. لە هەموو ڕوفاتێكیش نیشان (سامپڵ)ـێک وەردەگیرین بۆ ناسینەوەی قوربانییەكان."
)بەرەڤان حەمدی) ڕایشیگەیاند: "لە ڕێی ماڵپەرەكەی ئێوەوە داوا لە كەسوكاری قوربانیان و سەرجەم لایەك دەكەم  دەست نەدەن لە گۆڕی بەكۆمەڵ و، ئەو كەلوپەلانەی لەوێ کەوتوونە؛ دان بە خۆیاندا بگرن با لیژنەی تایبەت کاری خۆی بکات؛ دەبێ بکرێنە كەیس و بە دنیای بسەلمێنین جینۆساید کراوین."
لە 12ی ئەم مانگەدا هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شارۆچكەی شنگال و، دوای ڕۆژێک سەر كەوتن و داعشیان دەرکرد.
سەرباز واحید