Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داهاتوویەکی گەش چاوەڕانیان دەکات.. سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا کرد

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ شاندێکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا، (سەرۆک بارزانی) دڵنیاییی دا، کە هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و باشترکردنی ژیانیان درێخی ناکرێت و، داهاتوویەکی گەش چاوەڕانیان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی١١ـی٢٠١٥ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەڵاحەدین پێشوازێی لە (عوسمان گۆرەن) سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ماڵی ئێزدیان لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتوون پیرۆزبایی سەرکەوتنە مەزنەکەی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگال لە (سەرۆک بارزانی) بکەن و ڕایگەیاند: ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات زۆر گەورە بوو، بەڵام کاتێک (سەرۆک بارزانی) بەڵێنی بە (بابەشێخ) و ئێزدییەکان دا، ئێمە پشتڕاست بووین کە بەڵێنەکەیان دەهێننەجێ و خۆیان سەرکردایەتیی ئەو ئۆپەراسیۆنەتان کرد و ئەمڕۆ ئێمە بۆ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە (سەرۆک بارزانی) و هێزی پێشمەرگە لێرەین و سوپاستان دەکەین.
سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال برینێکی قووڵ بوو، بەڵام لەهەمانکاتدا یەکبوونی گەلی کوردستانی سەلماند و پتەوتری کرد، ئێمەی ئێزدی ٧٤ فەرمانمان بەسەر هاتووە، لە ٧٣ فەرمانی ڕابردوودا بێ پشتوپەنا و مەزڵووم بووین، بەڵام لەم فەرمانەی کۆتاییدا هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوان و هاوخەممان بوون و هەموو تواناکانیش بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانمان خرایە ڕوو و جەنابتان بەڵێنتان پێ داین و بەڵێنەکەیشتان هاتە دی. لە سەر ئاستی جیهانیش ئێزدییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستان و ئایینێک زیاتر ناوبانگیان دەرکرد و سۆزێکی جیهانیی بۆمان هەبوو.
هەر لە دیدارەکەدا شاندی ماڵی ئێزدییان هیوایان خواست کە هەموو هەوڵەکان بۆ زووتر ئاوەدانکردنەوەی شنگال بخرێتەگەڕ.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال بۆ ئێمەی کورد بەشێکە لە زنجیرەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون و درێژەی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی شار و گەندەکانمان بوو و زۆریش ئازاری داین، بەڵام ئەمجارەش دەرکەوت کە ئەگەر دوژمن زیانیشمان پێ بگەیەنێت لە کۆتاییدا هەر ئیرادەی گەلەکەمان سەردەکەوێت. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەو بڕوا بەخۆبوونەی لای خوشک و برایانی ئێزدی دروست بوو زۆر گرینگە، هەموو گەلی کوردستان پشتیوانی خوشک و برایانی ئێزدییە.
(سەرۆک بارزانی) دڵنیاییشی بە خوشک و برایانی ئێزدی دا کە هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و باشترکردنی ژیانیان درێخی ناکرێت و داهاتوویەکی گەش چاوەڕانیان دەکات.