Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری بەرگریی عێراق بۆ سەرۆک بارزانی: هاتووم پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ بکەم کە بە سەرکردایەتیی جەنابتان وەدەست هات

هەولێر-KDP.info-  وەزیری بەرگریی عێراق کە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق یاوەریەتی، بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، ڕاگەیاند، "هاتووم پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ بکەم کە بە سەرکردایەتیی جەنابتان وەدەست هات و، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەبێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی ١١ـی ٢٠١٥ لە سەلڵحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (دکتۆر خالد عوبەیدی) وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ڕوکن (ئەنوەر حەمەدەمین) فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا کە (کەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکات و (دکتۆر فوئاد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری بەرگریی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگالی لە (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: بۆ ئەوە هاتووم پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ بکەم کە بە سەرکردایەتیی جەنابتان وەدەست هات و، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەبێت و، بە ئازادکردنی شنگال ئابڵووقەی سەر تیرۆریستان تەسکتر بۆتەوە و ورەی هاووڵاتیانی عێراقیشی بەرز کردەوە. وەزیری بەرگریی عێراق سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

هەر لە دیدارەکەدا وەزیری بەرگریی عێراق، (سەرۆك بارزانی)ـی لە دواپێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی عێراق ئاگادار كردەوە. هەروەها بارودۆخی پارێزگای ڕومادی و مووسڵ و ئاییندەی مووسڵ خرایە بەر باس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا هەماهەنگی و كاری هاوبەشی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە بواری سەربازی و ئاساییش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوو كرا.