Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەم زووانە هەرێم غاز هەناردە دەكات.. ناوی دەچێتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان دەست بە ناردنی غاز بكات بۆ دەرەوەی وڵات، هەنگاوێكی زۆر گرینگ دەبێت و ناوی هەرێم دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی غاز هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكەن.

(بەیار دۆسكی) ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو هەنگاوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بەم زووانە غازی هەرێمی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات، زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بە غازی سرووشتی زۆر دەوڵەمەندە، ئەگەر دەست بە هەناردەكردنی بكرێت، هەرێم دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە غاز هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات".

(دۆسكی) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان بەم هەنگاوە ناوی دەچێتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و، جگە لەوەیش داهاتێكی دیكەی لەپاڵ داهاتی نەوت بۆ زیاد دەكرێت، ئەوكات داهاتی هەرێمی كوردستان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەشڵێت، یەكێكی دیكە لە گرینگییەكانی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە ئەوەیە كە، هەرێم كارتێكی دیكەی بەهێزی دەبێت بەرانبەر بە بەغدا، چونكە لە ئێستادا تەنیا نەوت هەناردە دەكات.

(بەیار دۆسكی) بە پێویستیشی دەزانێت، هەموو لایەنەكان پشتگیری لە سیاسەتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بكەن و ناكرێت بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاری بهێنن، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە بە بێ جیاوازی.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، وەزیری سامانە سرووشتییەكان لە میانەی كۆڕبەندی ساڵانەی وزە رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بەم زووانە غازی سرووشتی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكات.

بڵند ئیبراهیم