Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و ئێزدییە خۆبەخشەكاندا ڕووی نەداوە

شنگال-KDP.info-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هیچ شتێك بە ناوی شەڕی موسڵمان و ئیزدی، یان شەڕی پێشمەرگە و خۆبەخشانی ئێزدیدا بوونی نییە، بەڵكە لێكتێنەگەییشتنێك لە نێوان هەندێك پێشمەرگەی فەرماندەیی شنگالدا ڕووی داوە و، هەر زوویش بابەتەكە چارە كراوە. گوتیشی، ڕاستییەکەی ئەمەیش هەوڵی لایەنی دەرەكی و ناوخۆیشە کە تەنیا خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکات.

لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە وا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە، شەڕێكی قورس لە شنگال لە نێوان خۆبەخشانی ئێزدی و هێزی پێشمەرگەدا ڕووی داوە و، چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتووەتەوە. پێوەست بەم دەنگۆیانە، (قاسم شەشۆ) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە هیچ جۆرێك شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و ئێزدییە خۆبەخشەكاندا ڕووی نەداوە و كۆمەڵێك موزایەدە بە بابەتەكەوە كراوە كە سەرجەمیان دوورن لە راستییەوە، بابەتەكەیش تەنیا لێكتێنەگەیشتن بووە، هیچ شتێكیش بە ناوی شەڕی موسڵمان و ئێزدی، یان شەڕی پێشمەرگە و خۆبەخشانی ئێزدی بوونی نییە، بەڵكە هەندێك گرژی لە نێوان هەندێك پێشمەرگەی فەرماندەیی شنگالدا ڕووی داوە، بەڵام هەر زوو بابەتەكە چارە كرا."

(شەشۆ) ئاماژەیشی دا: "هەموو پێشمەرگەكان ئێستا لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و، خۆم سەرجەم سەنگەرەكانم بەسەر كردووەتەوە و دۆخەكە زۆر ئاساییە، پێویستیش ناكات هیچ كەس و لایەنێك موزایەدە بەم بابەتەوە بكات و بە دڵی خۆی بینەخشێنێت."

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال جەختیشی كردەوە: "هەندێك دەست و لایەنی دەرەكی و ناوخۆ، لە هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی دۆخی شنگال، كە ئەمەیش تەنیا لە بەرژەوەندیی داعش و دوژمنانی گەلی كورددایە."

سەرباز واحد