Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەبوبەكر بەغدایی بۆ شوێنکەوتووانی: دەشتی نەینەوا چۆڵ بکەن، دەنا پێشمەرگە پێتان چۆڵ دەکات

مووسڵ-KDP.info-  پاش شکستی تیرۆریستانی داعش لە شنگال لەسەردەستی هێزی پێشمەرگە، خەلیفەکەی داعش نامەیەكی هەڕەشەئامێز ئاڕاستەی چەكدارانی دەكات و، داوایان لێ دەكات دەشتی نەینەوا چۆڵ بكەن.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: خەلیفەی داعش (ئەبوبەكر بەغدایی) نامەیەكی هەڕەشەئامێزی بۆ چەكدارانی خۆی ناردووە لە مووسڵ كە بۆچی لە بەرانبەر پێشمەرگەدا شكستیان خواردووە و، پێشنیازیشی كردووە هەمو دەشتی نەینەوا بەبێ شەڕ چۆڵ بكەن، چونكە ئەگەر چۆڵی نەكەن، پێشمەرگە بە زەبری هێز پێیان چۆڵ دەكات.

وەک (مەموزینی) زانیاری دا، هەر هێندە زانیارییەیان پێ گەیشتووە کە (بەغدایی) نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ تیرۆریستەکانی ڕەوانە کردووە و، تێیدا ڕایگەیاندووە کە، هەروەک چۆن ەل سنگال و دەوروبەری توانای مانەوەتان نەبووە و شکستان بردووە، لە دەشتی نەینەوایش واتان بەسەر دێ، بۆیە ناوچەکە چۆل بکەن، دەنا هەمان چارەنووس بەرەوڕووتان دەبێتەوە.

 

(مەموزینی) هەروەها دەربارەی دۆخی تیرۆریستان لە مووسڵ گوتی، "لە مووسڵ داعش ١٧چەكداری برینداری خۆی كە لە شەڕەكان دەستوقاچیان لە دەست دابوو، لە سەربازگەی غەزلانی گولـلەباران كرد".
گوتیشی، دوو گرووپی داعش بە ناوەكانی (حاجی ناسر مەولا) و (گرووپی نەقشبەندی) لەسەر تاڵانكردن بووە شەڕیان و بەو هۆیەوە ١٠ تیرۆریست لە هەردوولا كوژران.

بڵند ئیبراهیم