Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاواز حەمید ئەفەندی دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info-  (ئاواز حەمید ئەفەندی) دەڵێت: "بە هیچ جۆرێك بەرگیری لە كەسێك ناكەم كە دەستی لە ئەنفالدا هەبووە."

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی كە، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی زەرد (ئاواز حەمید ئەفەندی) گوایە باسی لەوە كردووە (سوڵتان هاشم) وەزیری بەرگریی سەردەمی حیزبی بەعسی ڕووخاو دەستی لە ئەنفالدا نەبووە.
ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان (ئاواز حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە هیچ جۆرێك نەمگوتووە (سوڵتان هاشم) وەزیری بەرگریی سەردەمی رژێمی بەعسی ڕووخاو تاوانی ئەنفالی ئەنجام نەداوە، بەڵكە گوتوومە دیارە كاتی خۆی دەستی لەگەڵ ئەمەریكاییەكاندا هەبووە بۆ ئەوەی هێز نەجوڵێنێ دژی ئەوان، بۆیە لە دادگا هیچ تاوانی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە و ئازاد دەكرێت، ئەگەر نا بە هیچ جۆرێك باسم لەوە نەكردووە كە تاوانی ئەنفالی ئەنجام نەداوە و، هەڵبەت ئەوە دادگایە دەتوانێ ئەو بڕیارە بدات".


(ئەفەندی) گوتیشی: "من كچی كەسێكم كە هەموو ژیانی لە خەباتی شاخ بووە و خۆیشم ژیانم لە ئاوارەییدا بەسەر بردووە، چۆن ئێستا بەرگری لە كەسێك دەكەم كە تاوانی ئەنفالی ئەنجام دابێت، بۆیە بەهیچ جۆرێك ئەمە راست نییە و ئێمە زیاتر لە هەموو كەسێك دژایەتیی ئەو كەسانە دەكەین كە تاوانیان دژی كورد ئەنجام داوە، نەك بەرگرییان لێ بكەین".


دەشڵێت، هەرێمی كوردستان بە هیچ جۆرێك پێشوازی لەو جۆرەكەسانە ناكات كە تاوانی ئەنفالیان ئەنجام دابێت، بەڵكە كار دەكات بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساوە بە سزایان بگەیێنێت.

بڵند ئیبراهیم