Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا.. قوتابیانی ئێزدی بە شێوەی هەمیشەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا درێژە بە خوێندن دەدەن

شنگال-KDP.info- لەسەر راسپاردەی (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی داوە لەسەر ئەوەی كە هەموو قوتابیانی كوردی ئێزدی كە لە زانكۆی مووسڵ دەیانخوێند، بە شێوەی هەمیشەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان درێژە بە خوێندن بدەن و، ئیدی چاوەڕێی مووسڵ نەكەن و ببنە قوتابیی هەرێمی كوردستان.

نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان (شێخ شامۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكو بنكەی لالش زۆر هەوڵمان دا بۆ ئەوەی كێشەی خوێندنی قوتابیانی ئێزدیی سەر بە زانكۆی مووسڵ چارە بكەین، لەبەر ئەوەی بە شێوەی كاتی لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەیانخوێند، بۆیە داوامان كرد بە شێوەیەكی هەمیشەیی بخوێنن و ببنە قوتابیی هەرێمی كوردستان، لەسەر راسپاردەی (سەرۆك بارزانی)ـیش، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی داوە كە تەواوی قوتابیانی كوردانی ئێزدیی سەر بە زانكۆی مووسڵ، بە شێوەی هەمیشەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان درێژە بە خوێندن بدەن".
(شێخ شامۆ) كە هاوكات سەرۆكی بنكەی لالشە لە دهۆك، گوتیشی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو بڕیارەی دەركردووە و بەسەر دامودەستگا پەیوەندیدارەكانیشدا گشتاندوویەتی، كە ئەمەیش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ قوتابیانی ئێمە، چونكە ئەمە كێشەیەكی گەورە بوو و گوشارێكی زۆریش لەسەر بنكەی لالش هەبوو".
نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی كە لە بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بۆ كراوە، ئەوەیە كە هەر قوتابییەك كە قۆناخی ئامادەیی تەواو دەكات، راستەوخۆ و بەپێی نمرەكانی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت".
دەشڵێت: "لە رێگەی ئێوەوە موژدە دەدەمە قوتابیانی خۆمان كە سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی لەسەر داواكاریی ئێمە دەربڕیوە و ئەو كێشەیە چارە بووە، لیژنەكانیشمان لە بنكەی لالش سەرقاڵی كاروباری قوتابیان دەبن و پێشوازییان لێ دەكەن".
(شامۆ) راشیگەیاند: "ئیدی قوتابیانمان چاویان لە مووسڵ نابێت و دەبنە قوتابیی هەمیشەیی هەرێمی كوردستان".
ژمارەی ئەو قوتابیانەی كە سەرۆكی حكوومەت بڕیاری داوە بە شێوەی هەمیشەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان بخوێنن، نزیكەی دوو هەزار قوتابی دەبن.

بڵند ئیبراهیم