Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مادده‌ی چواری پێڕۆی ناوخۆ، ڕێ به‌ یووسف محەممەد نادات دانشتنی پەرلەمان لە شوێنێكی دی ساز بدا

سلێمانی-KDP.info-  ئەندامی فراكسیۆنی زەرد له‌ په‌رله‌مانی كوردستان(حه‌یات مه‌جید)، دەڵێ، بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و ماددەی چواری، هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بێ رەزامەندیی پەرلەمان ناكرێت، چونكه‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌مان پێویستی به‌ دەنگدان هه‌یه‌، پشتبه‌ستوو به‌م یاسایه‌یش، (یووسف محەممەد) ناتوانێ بریاری كۆبوونه‌وه‌ بدات.

(حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و له‌ ماددەی چواریدا هاتووه‌ (دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر دەبێ، دەكرێ لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان یان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یان دە ئەندام پەرلەمان داوا بكەن، دانیشتنی پەرلەمان لە شوێنێكی تر بەرێوە بچێت، بەڵام بە رەزامەندی پەرلەمان)، بۆیە كە گوترا بە رەزامەندیی پەرلەمان، واتا دەبێ لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستانه‌وه‌ دەنگ لەسەر داوایەكە بدرێت.''

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی گوتیشی، ''ناكرێ سەرۆكی پەرلەمان بێئاگا بێ لە پەیرەوی ناوخۆ و وەها فكرێك بكاتەوە. چونكە لە پەیرەوە كۆنەكە بەو شێوەیە بوو كە باسم كرد و، هه‌ڵبه‌ت لە پەیرەوە نوێیەكەش هەمان شتە و، تەنیا دەستكاریێكی زۆر كەمی ماددەی چوار كراوە كە پێوەستە بەم بابەتەوه‌. كەوایە سەرۆكی پەرلەمان یان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یان دە ئەندام پەرلەمان، بۆیان هەیە داوای گوازتنەوەی دانیشتن بكەن، به‌ڵام نه‌ك تاكڕۆیانە بڕیار بدەن. بۆیە (یووسف محەممەد) ناتوانێ بریار بدات، دانشتنی پەرلەمان لە شوێنێكی تر بەرێوە بچێت، تەنها ئەگەر بە دەنگدان و بە رەزامەندیی پەرلەمان وەها كارێك بكرێت.''

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد دووپاتیشی كردەوە كە، "(یووسف محەممەد) شەرعیەتی خۆی لە دەست داوە، بە حوكمی ئەوەی نەیتوانیوە وەكو سەرۆكی پەرلەمان سەربەخۆیانە رەفتار لەگەڵ پەرلەمانی كوردستاندا بكات و، ئەو پۆستەی پێیداروە بەگوێرەی پێویست بەكاری بێنێت؛ كه‌چی ئه‌و زیاتر وەكو هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان مامەڵەی لەگەڵ پۆستەكەیدا كردووە، بەوەش شەرعیەتەكەی لەدەست داوە.''

ئه‌و به‌ نموونه‌یه‌ك قسه‌كانی خۆی ده‌سه‌لمێنێ و ده‌ڵێ، ''بینیمان لە 23ی حوزەیران بەدواوە، بە هیچ شێوەیەك بێلایەن نەبووە و وەكو كادیرێكی گردی زەرگەتە دەردەكەوت، (یووسف محەممەد) پەرلەمانی كوردستانی كردبوو بە گردەكە."

سەرباز واحد