Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی زەرد: یووسف محەممەد ئیدی سەرۆکی پەرلەمان نییە

هه‌ولێر-KDP.info-  گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: زۆر ھەوڵمان دا دۆخەکە نەگاتە ئەو ئاستە، بەڵام گۆڕان ناچاری کردین ئەو بڕیارە بدەین، بۆیە لەمەودوا (یووسف محەممەد) سەرۆکی پەرلەمان نییە و، کەسێکی دیکە دەکرێتە سەرۆکی پەرلەمان.

(محەممەد عەلی یاسین) گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زۆر ھەوڵمان دا، دۆخەکە وای لێ نەیێت و، ئەگەرچی زۆریشمان بۆ هاتبوو، بەڵام ناچار ئەو بڕیارەمان دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕان دا."

(محەممەد عەلی یاسین) گوتیشی، باشترین بژارە لای ئێمە کە پێشتریش زۆر ھەوڵمان بۆی داوە، سازان و تەوافوقە و، لەسەر ئەو بنەمایەش حکوومەتی تەوافوقیمان پێک ھێناوە و، بڕوامان بەوە ھەبووە لەگەڵ برادەران، بە متمانەیەکی زۆرەوە لە حکوومەتدا کار بکەین، بەڵام ئەوەش نەکرا و سەری نەگرت لەگەڵ گۆڕاندا."

گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ھیچ پێوەندییەکی بە مووچەوە نەبوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پرسەی تێکەڵ بەو قەیرانانەی ئێستای هه‌رێم کرد، لەوانە قەیرانی دارایی."

دەیشڵێت: "گۆڕان هەوڵێکی زۆر دا، پێشێوی و ئاڵۆزییەکەی سنووری پارێزگای سلێمانی بگوازێتەوە بۆ ھەولێر و، شوێنی دیکەیش و، ئێرەیش تێوە بگلێنن، بەڵام ڕێگەیان لێ گیرا و، کارەکەیان سەری نەگرت."

باسی لەوەش کرد، ئەگەر پرسیار دەکرێت بە چ یاسایەک، (یووسف محەممەد) ڕێگەی هەولێری لێ دەگیرێت؟ ئێمەش دەپرسین ئەی بە چ یاسایەک گۆڕان گڕی بەردایە بارەگاكانی پارتی لە سلێمانی و، شوێنی دیکە و، سووتاندنیان؟"

گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، پەرلەمان شەرعیەتەکەی هەر ماوە، بەڵام (یووسف محەممەد) ئیدی سەرۆکی پەرلەمان نییە و، سەرۆکێکی تازەی بۆ دیاری دەکرێت، ڕەنگە بە تەوافوقی لایەنەکانی دیکە بێت؛ مادامەکینێ گۆڕان تەوافوقەکەی تێک دا، بەو پۆستانەدا دەچینەوە کە لە حکوومەت و پەرلەماندا ھەیانە.''

(یاسین) ڕایشیگەیاند: "دەنگۆ هەیە جێگرەکەی دەکرێتە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام جارێ هیچ دیار نییە و، یەکلایی نەبووه‌تەوە."

بڵند ئیبراھیم