Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی عەونی: گۆڕان گوتوویه‌تی، ئەوەی بە شەڕی ناوخۆ پێمان نەکرا ئێستا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە ناوی یاسا دەیکەین

هه‌ولێر -KDP.info-  ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕان هەموو خەباتی خۆی بۆ دژایەتیکردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەرخان کردووە، لەسەر  کۆبوونەوە ڕایگەیاندووە ئەوەی بە شەڕی ناوخۆ پێمان نەکرا ئێستا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە ناوی یاسا دەیکەین، داعش بە خۆی پیرۆزبایی لێ کرد بە سووتاندنی  بارەگاکانی پارتی.


(عەلی عەونی) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گۆڕان چەند ئامانجێکی لەوە هەبوو کە هێرش بکاتە سەر بارەگاکانی ئێمە و، خەڵک بکوژێت و، خەڵک بدات بە کوشتدا، یەکێک لەو ئامانجانە ئەوەیە کە گۆڕان و ئەو کۆمەڵە خەڵکەی لەگەڵ ئەو لایەنەدایە، هەموو شتێکی خۆیان تەرخان کردووە کە دژی بنەماڵەی بارزانی بوەستنەوە، مێژووی نەوشیروان لە گۆڤاری ڕزگاریدا بخوێننەوە بزانن ئەو چی کردووە؟، کە خۆی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان ڕایگەیاندبوو کە  ئێمە  ئەوەی بە شەڕی ناوخۆ نەمانتوانیوە بیکەین ئێستا دەرفەتە لەگەڵ ئەو لایەنانەی بکەین، کە ئەوە لایەنێک بوو دەیانویست گرێ دەروونییەکەی خۆیانی پێ ساف بکەن، لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی هەموو کات ئاخرین و بەهێزترین بوون لە سەنگەردان پاراستنی ڕۆحی کوردایەتی و کوردستانیەتی ئازادیخوازی بووە، لەناوبردنی ئەو ماڵباتە خزمەتکردنە بە داگیرکەرانی کوردستان، بێگومان کە داگیرکەرانی کوردستان لە پشت ئەو بابەتەوەنە و پیرۆزباییشی لێ دەکەن.''

(عه‌ونی) زیاتر گوتی، ''کە داعش بە خۆی پیرۆزبایی لێ کرد کە بارەگاکانی ئێمەیان سووتاند؛ بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی کورد بە ئاواتەکانی خۆی نەگات، لەگەڵ ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر بەڵێنی گەورەیان بە خەڵک دابوو کە بە خەڵکیان ڕاگەیاند بوو  4 ساڵی داهاتوو 4 ساڵی ئارامی دەبێت، ئەگەر ئەو تانکەرانەی دەچن ئاویشی تێدا بێت دوو وڵاتی پێ بەخێو دەکەین! کابان و قەیرەکچ مووچەیان بۆ دەبڕینەوە، کە بە خۆیشیان دەیانزانی ئەوانە درۆنە و تووشی کێشە دەبنەوە، دەبووایە قەیرانێکی لەو شێوەیە دروست بکەن  بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا حەشار بدەن، خەڵکی سلێمانی ئێستا بەخەبەر هاتووە؛ کوا ئەو بەڵێن و پەیمانانەی ئێوە پێتاان دابووین، چونکە ئێستا خەڵک ڕووی لەوانە بەڵام ئەوان بە زۆر بەری خەڵک دەدەنە بارەگاکانی ئێمە دەسووتێنن، بۆیە ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردی، وەک نەشتەرگەرییەکی سەرەتان وابوو، کە بەشێک لە جەستەی مرۆڤ تووشی سەرەتان دەبێت، دەبێت بۆ ئەوەی ئەو سەرەتانە نەچێتە هەموو لەشی مرۆڤ نەشتەرگەری دەکەن و ئەو بەشە دەبڕنەوە، ئێستا ئێمەیش وەک پارتی ئەو نەشتەرگەرییەمان کرد بۆ ئەوەی هەموو کومەڵی کوردی تووشی ئەو نەخۆشیە نەبێت، چونکە گۆڕانخوازی  و چاکسازی بە چەقۆکێش و هەرزەکاران ناکرێت، کە زۆر لە ترسنۆکەکانی ئەو لایەنە خۆیان لە پشت حەشار دابوو و خۆیان لێ نەکردە خاوەن؛ وەختی خۆیشی نەوشیروان گوتی ئەوانە ئاژاوەگێڕن، ئێستایش دەڵێن ئێمە لەگەڵیاندا نین؛ برا ڕۆژی ئەو بزووتنەوەیە دامەزراوە بۆ ئاژاوەگێڕ دامەزراوە."


گوتیشی: "ناکرێت تۆ لە حکوومەتدا بی و بەرد بگریتە حکوومەت؛ ئەوەی (عێززەت سابیر)یش دەڵێت، ملیار و نیوێک لە بانکدایە، دەبێت داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لێ بکات و سزای بدات، ئەگەر پارە هەبێت بۆ نادرێت، کام حکوومەتە حەز ناکات خەڵکەکەی بە ئاسوودەیی بژین، گۆڕان لە حکوومەتدا بوو، خۆی بە خاوەنی نەدەزانی، چونکە خۆیان دەیانگوت، ئەگەر وەزارەتی دارایی لە دەستی ئێمەدا بێت ئێمە مووچە دابین دەکەین، باشە بۆ مووچەتان نەدا، بۆیە ئێستا دەڵێن، حکوومەتی پارتییە، بەڵێ حکوومەتی پارتییە و ئێمە خۆمان بە خاوەنی ئەو حکوومەتە دەزانین و، ئەوە بە خوێنی ئێمە دامەزراوە و، بە خوێنیش بەرگریی لێ دەکەین و، قەبووڵ ناکەین کەس بێڕێزی بەو حکوومەتە بکات."

ڕابین شێروانی