Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی لە دوو بەرەی جەنگە

نەجمەددین حەسەن مستەفا

پارتی بە هۆی ئەو پێگە بەهێزەی هەیەتی، وەك هێزێكی كاریگەر لە ئێستادا رێبەرایەتیی شەڕی دژ بە داعش دەكات و لەم شەڕەیشدا پشكی بەرپرسیارەتی و قوربانیدان، بەر ئەم هێزە كەوتووە و بە شانازی و كەڕامەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، ئەم ئەركەی لە ئەستۆ گرتووە و، بە پشتیوانی و ئیرادەی پێشمەرگە و هێزە قارەمان و خۆبەخشەكانی ئەم نەتەوەیە، سەركەوتنێكی وەهای بۆ كوردستانیان تۆمار كرد، نەك لەسەر ئاستی ناوخۆ بووە مایەی بەهێزكردنی پێگەی كورد، بەڵكە لەسەر ئاستی جیهاندا ئەم سەركەوتنە بووە مایەی سەرنج و دەستخۆشی و كردنەوەی دەرگای زیاتر بە ڕووی پرسی كورددا.
سەرقاڵبوونی پارتی و (سەرۆك بارزانی) بەم جەنگەی دژ بە داعش و پاراستنی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، بووە دەرفەتێك بۆ ئەو تاقمەی بنەمای دامەزراندنیان رووبەڕبوونەوە بووە لەگەڵ پڕۆژەی نەتەوەیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و هێزە نیشتیمانپەروەرەکانی دی، بە تایبەتی پڕۆژەی ئاییندەیی نەتەوەیی و نیشتمانی كە ئێستا ئامانجی داعش، هەمان ئەو ئامانجەیە كە تاقمە گێرەشێوێنەكانی (نەوشیروان) بەرانبەر بە پارتی گرتوویانەتە بەر.
لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، راستە كۆمەڵێك قەیران رووبەڕووی كوردستانیان كراونەتەوە بە تایبەتی قەیرانی دارایی، كە هەمووان هۆكارەكەی و دەستپێشخەرەكەی و ئەكتەرەكان و پاڵنەرەكانی دەزانن، کە بۆ شكاندنی هەیبەتی كورد و ئیرادەی كورد بووە. نكۆڵییش لەوە ناكرێ چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێمە مافی خۆیانە ناڕەزایی دەرببڕن لەپێناو گوزەرانیان و خزمەتكردنیان، بەڵام نابێ ناڕەزایی، بەلاڕێدا ببرێ و ئامانجی خەڵك تێكەڵ بكرێ بە پیلانگێڕیی تاقمەكەی (نەوشیروان)، ئینجا دژ بە لایەنێكی دیاریكراو ئاڕاستە بكرێ، کەس نییە نەیبینیبێ ئەو تاقمە سوودیان لە هەندێك مێرمنداڵ وەرگرت و بە شێوەیەكی نامەدەنیانە هان دران بۆ پەلاماردانی بارەگاكانی پارتی لە سنوورەكانی قەڵادزێ و هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان.
ئەم شەڕەی ئێستا (نەوشیروان) و تاقمە گێرەشەوێنەكەی دروستیان كردووە، تەنیا ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی پڕۆژەی نەتەوەیی كوردە، كە دداننانێكی راستەوخۆیشە ئەو پڕۆژەیە پارتی رێبەرایەتی دەكات، بۆیە پەلاماردان و سوتاندنی بارەگای پارتییان هاوشێوەی كارە دڕندەییەكانی داعش دەست پێكردووە.
ئارامی و سەبری پارتی لەلایەن تاقمەكەی (نەوشیروان)ـەوە زۆر ئازار درا، بە ڕادەیەك گەییشتە ئەوەی بڕیار بدەن كادیر بکوژن و بارەگاكانی پارتی بسوتێنین و ئیتر هیچ دەرفەتێك بۆ گفتوگۆ نەهێڵنەوە، پارتییش لە پێناو سەقامگیری و بەرگریكردن لە دەسكەوتەكانی ئەم نەتەوەیە، هیچ كاتێك سڵی نەكردووەتەوە و نایشیكاتەوە، چونكە ناچار كرا ئیتر بەم دۆخەیشەوە لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەرەیەكی تێكدەر بۆ پارتی لە ناوخۆی كوردستان كرایەوە و ئەو تێكدەرانە بە هاندانی (نەوشیروان) و تاقمەكەی سەقامگیری و دۆخی ئارامی هەرێمی كوردستانیان كردووە بە ئامانج و، لێرەیشەوە بەرپرسیارەتی و ئەركی پارتی دەردەكەوێ بۆ پارێزگاریكردن دەبێ بەر بە پیلانەلانی ئەم تاقمە بگرێ.
وەك هەمیشەیش ئەم شەڕەی بۆ پارتی لە ناوخۆ دروست كراوە و پیلانی تاقمەكەی (نەوشیروان)ـە، هاوشێوەی ئەو شەڕەی داعش بە سەركەوتنی كوردستان و ئیرادەی نەتەوەیی كۆتایی دێت و ئەوانەیشی وەك گێرەشێوێن پەلاماری پارتی دەدەن، باجەكەی وەردەگرن.