Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەرێم و بەغدا بودجەی ٢٠١٦ دەخەنە بەر باسەوە.. بەمزووانە شاندێک دەچێتە بەغدا

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بڕیارە شاندێکی ھەرێمی کوردستان بەمنزیکانە سەردانی بەغدا بکات و، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی دابێ(٢٠١٦) لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵدا بخاتە بەر باسەوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: دوێنێ وەزیری دارایی لە لیژنەکەیان میوانداری کرابوو لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دابێ و، باسی لەوە کرد کە لە ١٠ـی ئەم مانگەوە، پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و پشکی ھەرێمی کوردستانیش وەکو پێشوو١٧% و، ھەمان رێککەوتنی ئەمساڵیش کە ھەرێم و بەغدا لەسەری رێککەوتوون لەناو پڕۆژەیاساکە دانراوە، ھەر لایەنێکیش پابەند نەبێت، لایەنەکەی دیکە دەتوانێ پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبێت.
(سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێک لە ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات و، گفتوگۆ بکەن لەبارەی رێککەوتنی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە، تا بزانن داخۆ پێویست دەکات رێککەوتنێکی نوێ ئیمزا بکەن، یاخود رێککەوتنی کۆن کارا بکەن و جێبەجێ بکرێت، بۆیە کاتێک شاندەکە ھاتە بەغدا، ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.
گوتیشی، رۆژی سەردانەکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەبێت.

بڵند ئیبراھیم