Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"كۆچی گەنجان لە ئەستۆی بەغدایە.. پلان و ستراتیژییەتێكی سەركەوتووی نەبووە"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: "لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆ بووینەوە بۆ تاوتووكردنی پرسی كۆچی گەنجان و، یادداشتێكی دووخاڵیمان ئامادە كردووە كە باس لە هۆكاری كۆچی گەنجان و رێگاچارە و چارەسەری كۆچی گەنجان دەكات".

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەریەك لە لیژنەی مافی مرۆڤ و پەیوەندیەكانی دەرەوە و كۆچ و كۆچبەران و وەرزش و لاوان كۆ بووینەوە بۆ تاوتووكردنی پرسی كۆچی گەنجان و، یادداشتێكی دووخاڵیمان ئامادە كردووە. خاڵی یەكەمیان هۆكاری كۆچی گەنجان دیاری كراوە كە بریتییە لە (نەبوونی كار و پیشە بۆ گەنج و هەبوونی قەیرانی دارایی عێراق و ململانێی سیاسیی لایەنەكانی عێراق) كە سەرجەمیان كاریگەریی نەرێنییان لەسەر گەنج هەیە. خاڵی دووەمیش رێگاچارەی كۆچی گەنجانە. دوای جەژنیش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە و وەزیری كۆچ و كۆچبەران، ئەم دوو خاڵە تاوتوو دەكرێن."

(جاف) گوتیشی: "زۆر ئەستەمە بتواندرێت چارەسەرێكی راستەوخۆ بۆ ئەم كێشەیە بدۆزرێتەوە، چونكە كە باسی بێكاری دەكەی، حكوومەتی عێراق دەڵێ كێشەی داراییم هەیە و لە شەڕدام و ناتوانم كەس بكەم بە مووچەخۆر، كە باسی بارودۆخی ئەمنی دەكەی، حكوومەتی عێراق دەڵێ پێویستم بە كاتە، كە باسی باری ئابووری دەكەی، حكوومەتی عێراق دەڵێ نرخی نەوت دابەزیوە، كە باسی ململانێی سیاسی دەكەین كە بووەتە هۆی بێزاریی خەڵك، حكوومەت دەڵێ من ناتوانم قەدەخەی كاری سیاسی و هەڵڵای سیاسی بكەم، بۆیە بۆمان دەردەكەوێت كە هەمووی لە ئەستۆی حكوومەتە، چونكە ئەم رۆژەی تێیداین، دەرەنجامی نەبوونی پلان و ستراتیژییەتێكی سەركەوتووە لە حكوومەتی عێراق."
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ ئاماژەیشی دا كە، حكوومەتی عێراق زۆر درەنگ هەنگاوی بۆ چارەكردنی كۆچی گەنجان نا، زۆر لەمێژە بەشێكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوەیان كردووە بۆ ئەم پرسە، بەڵام نەكرا و ئێستا زۆر درەنگ بووە. ئەمن و ئاساییشی عێراق تێك چووە و زۆر خراپ بووە و لێرە خەڵك لە ژیانی خۆی دڵنیا نییە، ئەمەیش هۆكارێكە بۆ ئەوەی خەڵك كۆچ بكات، تەنیا گەنجیش كۆچی نەكردووە، بەڵكە چەندین خێزانیش كۆچیان كردووە و پارەی یەكجار زۆریان داوە، بۆیە دەڵێم بە پلەی یەك حكوومەتی عێراق لەم دۆخە بەرپرسە."

سەرباز واحد