Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکگرتوو: په‌كه‌كه‌ كارێكی باشی نه‌كردووه‌، تا بیه‌وێ هه‌رێمیش تێوه‌گلێنێێ.. ھێرشکردنە سەر بۆریی نەوتی کورستان نیگەرانی كردوون

ھەولێر-KDP.info-  یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر بۆریی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ نێو خاكی توركیادا نیگەرانن و، ده‌یشڵێت وێنەیەکی ناشرین بۆ کوردستانیان دروست دەکات.

جێگری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان(محەممەد ئەحمەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ئێمە نیگەرانین بەوەی زیان بە ھەرێمی کوردستان بگەیێنرێت، چونکە راستە بۆریی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە وڵاتێکدا دەروات، بەڵام بەرھەمەکەی بۆ ھەرێمی کوردستانە و، ئەم كرده‌وه‌یە وێنەیەکی ناشرین بۆ کوردستانیان دروست دەکات.''
به‌ پێویستیشی زانی تورکیا و پەکەکە بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و کۆتایی بەو شەڕە بھێنن.

(محەمەد ئەحمەد) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەر پەکەکە باش بووە و، خۆ ئەگەر له‌ ئاستی پێویستیشدا نه‌بێت، ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکەن، چونکە لەئێستادا ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لە قەیراندایە.''

یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی، دۆخی ھەرێم لەگەڵ بەغدا نائاساییە، بۆیە دەرگای دیکە نییە جگە لە تورکیا، بۆیە ناکرێت پەکەکە گوشار بکات و بڵێ ده‌بێ ھەرێم ھەمان ھەڵوێستی په‌كه‌كه‌ی ھەبێت.

باوه‌ڕیشی وایه‌، ئەوانەی بوونەتە ھۆی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی، کارێکی باشیان نەکردووە تاوەکو داوا بکەن ھەرێمی کوردستان بچێت بەھانایانەوە، چونکە پێویستە ھەرێمی کوردستان پشتوانی لەوە بکات ھەموو پرۆسەکە تێک نەچێت.

بڵند ئیبراھیم