Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵەبجەییەكان دەخوازن، لایەنەكان بە شێوەیەكی عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ پرسە چارەنووسسازەکاندا بكەن

هەڵەبجە-KDP.info- رۆشنبیر و مامۆستا و كاسبكارانی پارێزگای هەڵەبجە، دەخوازن سەرجەم لایەنەكان بە شێوەیەكی عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا بكەن كە بە دۆخێكی هەستیاردا دەڕوات. دەشڵێن، ئەو چوار لایەنە ئەگەر بیانەوێ لایەنێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستان پەراوێز بخەن، ئەوا كارتە بەكارنەهاتووەكانی پارتی زۆر زیاترن لە بەكارهاتووەكانی، تاقیكردنەوەی ئەو رێگایەیش زۆر ئاسان نییە.

(بەرزان حامید) مامۆستا بەم شێوەیە بۆ KDP.info دوا: "پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیاردا دەڕوات، دەخوازێت سەرجەم لایەنەكان بە عەقڵ و مەنتق مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و قەیرانی دارایی كە لە ئەنجامی سیاسەتە تاكڕۆكانی دەسەڵاتدارانی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان گیراونەتە بەر، لە لایەكی دیكەوە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ سەربەخۆیی ئابووریی كوردستان سەرنجی زۆرێك لە وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە، سەرەڕای ئەو سەقامگیری و ئارامییەی كە لە كوردستاندا هەیە و بووەتە هۆی كردنەوەی زۆرێك لە كۆنسووڵخانەی وڵاتانی جیهان، لە نێوانیاندا 5 وڵاتە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".
گوتیشی: "ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان دەخوازن هێزە سیاسییەكان لە رێگەی سازان و تەوافوقەوە كێشەكانیان چارە بكەن نەك سەپاندن و پەراوێزخستنی لایەنێكی دیكە، چونكە مەبدەئی تەوافوق لە دامودەستگا باڵاكانی هەرێمی كوردستان رەنگی داوەتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە، بە داخەوە ئەوەی ئەو لایەنە سیاسیانە كردیان جگە لە هەنگاوێك بەرەو دواوە هیچی دیكە نەبوو، ئەوەی لەو رۆژەدا بووە جێگەی سەرسووڕمانی چاودێران و شیكەرەوە سیاسییەكان، بانگهێشتی كۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتییەكان بیانووەكەی هەرچی بێت هەڵەیەك بوو بەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕی و دوور بوو لە عورفی دیپلۆماسی و كاری پەرلەمان، ئێستایش باشترین چارە ئەوەیە هێزە سیاسییەكان بە تایبەت ئەو چوار لایەنە، بگەڕێنەوە بۆ ئەو دروشمانەی كە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بەرزیان كردبووەوە، داوای سازان و تەوافوق و كارنەكردنیان دەكرد بە پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە، چونكە من پێم وایە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە زیاتر لەمە رەنگە ئەنجامەكەی بە دڵی ئەوان نەبێت دواجار جگە لە دوژمنانی كورد هەمووان تێیدا زەرەرمەندن".
(بەرزان حامد) دەشڵت: "ئەگەر چوار لایەنەكە بیانەوێ لەم رێگایەوە لایەنێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستان پەراوێز بخەن، ئەوا من پێم وایە كارتە بەكارنەهاتووەكانی پارتی زۆر زیاترن لە بەكارهاتووەكانی، تاقیكردنەوەی ئەو رێگایەیش زۆر ئاسان نییە".

(نوورەدین بەڵخەیی)ـی ڕۆشنبیریش كە یەكێكی دیكە بوو لە دانیشتووانی ناوچەی هەورامان، سەبارەت بەم پرسە گوتی: "پێم باشە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە بێت، چونكە دیموكراسیی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان فەراهەم دەكات، ناكرێ هەمو پرسەكان بخەینە دەست پەرلەمان، ئەوكات دكتاتۆرییەت دروست دەبێت لە كاتێكدا پەرلەمانی كوردستان یاسا دادەنێت و متمانە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرەكانی دەدات و بانگهێشتی پەرلەمانیان دەكات بۆ لێپرسینەوە و چاودێریی كارەكانیان، لە هەمان كاتدا ئەگەر سەرۆكی هەرێمیش لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، سەندنەوەی حەقێكی ڕەوای هەر تاكێكە و ستەمێكی گەورەیە لە خەڵكی كوردستان دەكرێت، بۆیە هیوادارم سەرۆكی هەرێم لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت".
(ئاراس حەمەموراد)ـی كاسبیش ئاماژەی دا: "من حەز دەكەم خۆم سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرم و بۆ ئەو پرسە كەس بە نوێنەری خۆم نازانم چ لەناو پەرلەمان چ لە دەرەوە لە جیاتی من دەنگ بدات".
هاوكات (لەتیف ڕۆستەم)ـی خانەنشین دەڵێت، پێی باشە سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و لەم بارودۆخەی ئێستایشدا جگە لە (سەرۆك بارزانی) كەسی تر بە شاییستە نازانێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە هۆی ئەوەی كە رۆڵێكی گرینگ و كاریگەری لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و كوردستان و وڵاتانی دیكەی جیهاندا هەیە، لە هەمان كاتدا لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیشدا بەردەوام وەك پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی شەڕدا بووە و سەرپەرشتیی شەڕەكانی دژی تیرۆریستانی داعشی كردووە.

یووسف هەورامی