Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە جاران زیاتر كۆمپانیاكان ئامادەن نەوتی كوردستان بكڕن

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان باس لە هەناردەی نەوتی كوردستان دەكات و دەڵێت: "هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە هەناردەی نەوت سەربەخۆیی ئابووری بە دەست بهێنێت".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرێمی كوردستان تواناكانی لە بواری نەوتدا زۆر بەرەو پێشەوە چوون، بۆیە لە دوای مانگی چوارەوە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 550 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، ئەمەیش دەیسەلمێنێت كە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان زۆر زیادی كردووە و، بە بێ ئەوەی بشگەڕێینەوە بۆ بەغدا، دەتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین".

(دڵشاد شەعبان) دەشڵێت: "ئێستا بەغدا دواهەلی لە بەردەمدا ماوە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمدا جێبەجێ بكات، بە پێچەوانەوە بەپێی ڕێككەوتنەكە ئەگەر هەر لایەك پابەند نەبێت، لایەكەی دیكە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بڕیاری سەربەخۆیی ئابووریی خۆی، بۆیە ئێستا كوردستان دەرفەتێكی گەورەی لە بەردەمدایە‌ و لە جاران زیاتریش كۆمپانیاكان ئامادەن نەوتی كوردستان بكڕن، بە هۆی فرۆشتنی نەتیشەوە دەتوانین ئابووریی خۆمان دابین بكەین".
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان گوتیشی: "ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە پەرە ‌بە ‌سیاسەتی نەوتی خۆی بدات، لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕێژەی هەناردەی نەوت زۆر زیاد دەكات و بە ئاسانیش نەوتی هەرێم كڕیاری دەبێت و دەفرۆشرێت، چونكە بەپێی یاسا ئەو نەوتە دەفرۆشرێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو، گەر بەغدا بە ڕێككەوتنەكەوە پابەند نەبێت، قسە و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت و بە زیانی بەغدا دەشكێتەوە.
كارزان هەورامی