Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان، پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم دەخاتەوە بەر باس

هەولێر-KDP.info-  ئەم هەفتەیە، پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێ دەكات و، سەرەتا سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەنێو خۆیاندا كۆ دەبنەوە و دواتریش لەگەڵ فڕاكسیۆنەكان دانیشتن دەكرێت و باس لەو سیناریۆیانەیش دەكرێت كە گونجاو بن بۆ ئەوەی ئەو پرسەیان پێ یەكلا بكرێتەوە.

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان (فەخرەددین قادر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا هیچ نەكراوە و ئەم هەفتەیە گفتوگۆ بۆ ئەو پرسە دەست پێ دەكات، سەرەتایش سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و دواتریش كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرجەم فڕاكسیۆنەكان ئەنجام دەدرێت".
لە مانگی 8ـی ئەمساڵدا ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێ دێت، هەر بۆیە ئەم هەفتەیە سەرۆکایتیی پەرلەمان لەگەڵ فڕاكسیۆنەكاندا كۆ دەبێتەوە و باس لەو سیناریۆیانە دەکەن کە بۆ چارەكردنی ئەوپرسە بەرەوڕووی دەبنەوە. هەڵبەت هەمیشە و کۆی لایەنەکانی نێو پەرلەمانیش جەخت لە سازان لەسەر ئەم پرسە دەکەنەوە.

وەک سكرتێری پەرلەمانیش دەڵێ: "چەند سیناریۆیەك هەن بۆ ئەوەی ئەو پرسەیان پێ یەكلا بكرێتەوە، كە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، رەنگە یەكێك بێت لە سیناریۆكان".

بڵند ئیبراهیم