Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەوڵ دەدرێت بوودجەی پەرەپێدانی مووسڵ بۆ ناوچە ئازادكراوەكان خەرج بكرێت

مووسڵ-KDP.info-  جێگری یەكەمی پارێزگاری مووسڵ ڕایگەیاند، سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانی ساڵانەن بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی سنووری پارێزگای مووسڵ و لەگەڵ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای مووسڵ دانیشتوون و چاوەرێی پلانیان دەكەن تا بوودجەی پەرەپێدانیان لە بەغداوە بۆ تەرخان بكرێت.

جێگری یەكەمی پارێزگاری مووسڵ (عەبدولقادر شنگالی) بە ‌‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ بوودجەی پارێزگای مووسڵ و ئەنبار و تكریت تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، چونكە لە ماددە (55 )-ی یاسای بوودجەی 2015-ی عێراقدا ئاماژە دراوە كە ئەو بڕەپارەیەی ئەو شارانە بۆ ئاوارەكان و ئەوانەی لە كاتی پرۆسەی ئازادكردن دەردەچن بێتە تەرخانكردن، بەڵام سكاڵایەك لەسەر ئەو ماددەیە لەلای دادگای فیدراڵ هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە ئامادەكاریی خۆمان دەكەین".

(عەبدولقادر شنگالی) گوتیشی: "ئێمە لە پارێزگای مووسڵ پلانی خۆمان بۆ ئەو ناوچانە هەبوو كە لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەكانەوە رزگار كراون و چەند ناوچەیەكی دیكەیش كە تیرۆریستانی داعش نەیانتوانی بگەنە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی‌ بووجەی تەرخانكراوی ئەوان وەكو ساڵانە پێیان بدەین، لەوبارەیەیشەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ بووینەتەوە، ئەوانیش هاوكارن لەگەڵمان ‌بۆ ئەوەی بوودجەی ئەو ناوچانە بدرێت، چونكە ئازاد كراون و پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە".

(شنگالی) زیاتر گوتی: "رەزامەندیی گشت لایەنە بەرپرسەكانمان لە پارێزگای مووسڵ وەرگرتووە و كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای مووسڵ ئەنجام داوە كە هەر یەكەیەك بڕە پارەیەكمان بۆیان داناوە كە‌ مافی ساڵانەی خۆیانە و چاوەڕێ دەكەین پلان و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویستی خۆیانمان پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی ئێمەیش پێشكەش بە ئەنجوومەنی پارێزگای بكەین و دواتریش بنێرین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی وەزارەتی پلاندانان ڕەزامەندیی خۆیان بدەن بە خەرجكردنی بڕەپارەكە و لەو باوەڕەیشدام لە ماوەی هەفتەیەكدا پلانەكەمان ئامادە بێت‌".

شایەنی باسە، بوودجەی پەرەپێدانی ئەمساڵی پارێزگای مووسڵ 372 ملیار دینارە، ئەمەش بە بەراوردی پارساڵ زۆر كەم بووەتەوە كە نزیكەی 900 ملیار دینار بوو‌، كەمبوونەوەی ئەو بڕەپارەیەیش دوای ئەو قەیرانە داراییەی عێراق دێت كە تێی كەوتووە و بوودجەی گشت پارێزگاكان لە بوودجەی گشتی 2015-ی عێراقدا كەم كرایەوە.

نەشوان بەرزنجی