ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی
(نه‌وشیروان مسته‌فا "براگه‌وره" ده‌بێ.. لێكنزیكبوونه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی ده‌ستیپێكردووه) ئه‌مه ناونیشانی راپۆرتێكه گۆڤاری "شار" له ژماره "47"ـی‌دا رۆژی 15/4/2015 له لاپه‌ڕه(6 تا 11)دا بڵاوی كردۆته‌وه. ئه‌م پرسه بابه‌تی سه‌ره‌كی سه‌ر به‌رگی گۆڤارهكهیشه به وێنه‌یه‌كه‌وه كه سۆزی چه‌ند ساڵه‌ی هاوخه‌باتی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان نیشان ده‌دات.
به دڵنیاییه‌وه ده‌یڵێم كه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له دڵه‌وه حه‌ز ده‌كه‌ن ده‌ریچه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، چونكه كاریگه‌رییه نه‌گه‌تیڤه‌كانی كێشه‌كانی یه‌كێتی سنووری ئه‌و حزبه‌ی تێپه‌ڕاندووه و له كۆی ژیانی سیاسی هه‌رێمه‌دا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه. ئه‌و چاره‌سه‌ره كارێكه بۆ ئیراده‌ی یه‌كێتییه‌كان خۆیان ماوه‌ته‌وه به‌وه‌یشه‌وه كه یه‌كگرتنه‌وه یان تێكه‌ڵاوبوونه‌وه یان هه‌ر ناوێكی لێ ده‌نرێ، له نێوانی یه‌كێتی و گۆڕاندا بكرێ. بۆیه ئه‌م راپۆرته له‌و رووه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكیشه و هه‌موو چاودێرێكی سیاسی ناچاره بیخوێنێته‌وه‌و بایه‌خی پێ بدا.
پێدراوێكی دیكه له‌ناو ئه‌و راپۆرته‌دا سه‌رنجی زیاتری منی راكێشا، ئامانجی لێكنزیكبوونهوهكهی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان بوو، وه‌كوو ئه‌وه‌ی له‌ناو دوو توێی راپۆرته‌كه‌ی "شار"دا هاتووه.
گوڤاری "شار" ئامانجه‌كانی یه‌كگرتنه‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆڕانی به‌مجۆره چڕ كردۆته‌وه:
1- له ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی رابرددودا هه‌ردوو لایان "یه‌كێتی و گۆڕان" تێگه‌یشتوون له‌وه‌ی ناتوانن به ته‌نیا رووبه‌ڕووی هه‌ژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان ببنه‌وه.
2- له‌به‌رانبه‌ر پلان و ستراتیژی پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان به‌ردێكیان پێ ناخرێته سه‌ر به‌ردێك و "خه‌جاڵه‌ت"ی لای ده‌نگده‌ره‌كانیان بوون.
3- هه‌ردوو هێز ده‌زانن بۆئه‌وه‌ی كارێكیان به‌رامبه‌ر به پارتی پێ بكرێت، ده‌بێ پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بێ و بچنه‌وه ناوه‌ندی هێز.
ئه‌م سێ ئامانجه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان یه‌ك كۆلكه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه ئه‌ویش (رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارتییه). به واتایه‌كی دیكه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاتی به‌غدا و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و مه‌ترسی داعش و حه‌شدی شه‌عبی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیشتمان و كوردستانیان و ئارامی سیاسی و به‌شداری له به‌هێزكردنی كۆڵه‌گه‌كانی دیموكراسی و گه‌شانه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌زاران هه‌زار ئامانجی دوور و نزیكی ئه‌م گه‌له هیچیان ئامانج نین بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان به‌ڵكو ته‌نیا و ته‌نیا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پارتی ئامانج و ستراتیژه.
ئه‌م راپۆرته یان زاده‌ی لێكدانه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه خۆیه‌تی و سه‌رچیخ رۆیشتووه!!. یان ده‌یه‌وێ پارتی ئاگاداربكاته‌وه كه یه‌كێتی و گۆڕان شتێكیان به‌رامبه‌ر پارتی له‌ژێر سه‌ردایه!! یان گۆڤاره‌كه مه‌به‌ستێتی ئیستیفزازی پارتی بكات و پێی بڵێ ئه‌ها یه‌كێتی و گۆڕان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تۆ یه‌ك ده‌گرنه‌وه!! یان "ئۆتاقی عه‌مه‌لیات" هه‌یه ئیش له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتی فیتنه‌یی ده‌كات و ده‌یه‌وێ (كورد به خۆیانه‌وه مه‌شغوڵ بكات)!!، راپۆرته‌كه‌ی ئه‌م گۆڤارهیش یه‌كێكه له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ئۆتاقه!!
چه‌ند رۆژێكه ئه‌م راپۆرته بڵاوبۆته‌وه و هه‌ندێكی دیكه‌یش به به‌روو دوایدا هاتوون بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك له یه‌كێتی یان له گۆڕان قسه‌یه‌ك بكات و بۆمانی روون بكاته‌وه كه ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه راسته یان نا. ئایا ئه‌وه ئامانجی یه‌كگرتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتییه؟ یان نا!!.
شانده‌كه‌ی یه‌كێتی كه چوونه‌ته لای گۆڕان ته‌نیا سێ كه‌س بوون ددوانیان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسین. گۆڤاره‌كه ده‌ڵێ یه‌كێك له‌و سێ كه‌سه ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه و دانیشتهنهكه و پرۆژه‌كه و زانیارییه‌كانی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ سه‌رانی پێكناكۆكی یه‌كێتی داونه‌تێ. بێگومان گۆڤاره‌كه‌یش هه‌ر له خۆڕا نه‌یزانیوه ئامانجه‌كان ئه‌مانه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و كه‌سه له‌ناو قسه‌كانیدا ئه‌مانه‌یشی وتبێ یان لانی كه‌م ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی پێداون. كه‌چی ئه‌و كه‌سه كه نه‌یویستووه ناوی بهێنرێ، ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كردووه بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنرێته‌وه به رۆژنامه‌ی " كوردستانی نوێ" رابگه‌یه‌نێ هه‌رچی له‌و راپۆرته‌دا هاتووه راست نییه یان لانی كه‌م ئامانجه‌كان ئه‌وانه نین. كه سه‌رچاوه‌كه‌ی یه‌كێتی قسه ناكات ئه‌دی بۆچی گۆڕان به درۆی ناخاته‌وه؟! ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه پێیان وابێ ئه‌و ئاماژانه‌ی گوایه پارتی له ده‌ره‌نجامه‌كانی یه‌كگرتنه‌وه‌یان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه و كاك نه‌وشیروان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته راسپێردراوه كیفایهته، له‌و بڕوایه‌دام بۆ قاعیده‌ی جه‌ماوه‌ریی پارتی كیفایه‌ت نییه و كاریگه‌ریی نه‌گه‌تیڤی ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌و راپۆرته‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه به‌و ئاماژه‌یه به‌تاڵ نابێته‌وه.
به حوكمی به‌دواداچوونی چه‌ند ساڵه‌م بۆ بڵاوكراوه و ده‌زگاكانی مێدیا له ئۆتاقهكهی سلێمانی به‌تایبه‌تیش "ئازاد و بێلایه‌نه‌كان" بۆم یه‌كلابۆته‌وه كه هیچیان هه‌ر له خۆیانه‌وه و به مه‌زه‌نده‌ی خۆیان شت لێكناده‌نه‌وه و نانووسن، به‌ڵكو هه‌میشه ئامانجێك یان مه‌سجێك له پشته‌وه‌ی مانشێته‌كانیان، سهردێڕهكانیان، بابه‌ته‌كانیان هه‌یه و كۆلكه‌ی هاوبه‌شیش بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانه. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی ناو راپۆرته‌كه له یه‌كێك له سێ كه‌سه‌كه‌ی شاندی یه‌كێتی بۆ لای كاك نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌رگیراون، كه‌واته ئه‌و راپۆرته و لێكدانه‌وه‌ی ئامانجه‌كان زاده‌ی گۆڤاره‌كه خۆی نین و روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌خوازن.
به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی ناو خودی راپۆرته‌كه بۆمانی ئاشكرا ده‌كات كه ئه‌م راپۆرته ئاماده‌كراوی ئۆتاقێكه (كورد به خۆیه‌وه مه‌شغوڵ ده‌كات). گۆڤاره‌كه له زاری سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه كه یه‌كێكه له سێ كه‌سه‌كه‌ی شاندی یه‌كێتی، ده‌ڵێ دوو سیناریۆ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان هه‌یه. سیناریۆی یه‌كه‌م ئه‌مه‌یه: (یه‌كێتی و گۆڕان به‌ته‌واوی تێكه‌ڵ بكرێنه‌وه و سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ ئه‌و هێزه تازه‌یه هه‌ڵبژێردرێ له ژێر ناوێكی نوێ‌دا كه نه‌وشیروان مسته‌فا تێیدا ده‌بێته براگه‌وره). گۆڤاره‌كه به‌رامبه‌ر به‌م سیناریۆیه نووسیویه‌تی : (ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كرێ كه له سیناریۆی یه‌كه‌مدا "ئێران" وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر دێته ناوه‌وه، چونكه ئه‌و وڵاته پێی باشه له‌و ناوچه‌یه‌دا كه خۆی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌شكێ لایه‌نێكی كاریگه‌ری تێدابێ، بۆیه پشتیوانی هه‌وڵه‌كه ده‌كات). خۆری رووناكیش له‌م ته‌عبیره روونتر نییه. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و گوزارشتهیشدا چاودێران ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێلایه‌نیش بن، هه‌ر به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ن كه هه‌ژموونی ئێرانه له سلێمانیدا ده‌ستی به‌سه‌ر كۆی ژیانی سیاسی و كاری مێدیاییدا ده‌شكێ و ئامانجه‌كه‌یشی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بارزانی و پارتییه. به‌ڵگه‌یه‌ك نییه پێچه‌وانه‌كه‌ی بسه‌لمێنێ كه ئه‌م رسته‌یه هه‌روا له خۆڕا نه‌كه‌وتۆته ناو پهرهگرافهكانی راپۆرتهكهوه، به‌ڵكو مه‌سجێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه ئامانجه‌كان له ئه‌سڵدا ئامانجی ئێرانن له‌و "ناوچه‌یه‌دا كه ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌شكێ" و ئۆتاقهكهی لێ داناوه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی یه‌كێتی هیچ یه‌كێك له‌مانه به درۆ ناخاته‌وه. گۆڕانیش به درۆی ناخاته‌وه. له‌وانه‌یه بڵێن بارزانی و پارتی و پارتییه‌كان بڕوا بهشتی واناكه‌ن و دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌قه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یشیان دانابێ كه به‌ڵێ پارتییه‌كان بڕوای پێ ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تی له‌به‌ر رۆشنایی زۆر رووداو و كرده‌وه و ده‌ستێوه‌ردان و وتار و لێدوانی جۆراوجۆری ماوه‌ی رابردوودا كه تا هه‌نووكه به‌رده‌وام هه‌ن، ئه‌گه‌ری بڕوا كردنی پارتییه‌كان به سیناریۆ و ئامانجی له‌مجۆره زۆر زیاتره له بڕوانه‌بوون. بۆیه وا پێویست ده‌كات فیتنه‌كه‌ی ئه‌و ئۆتاقه پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه و نه‌هێڵن له‌م بارودۆخه مه‌ترسیداره‌دا ( كورد به خۆیانه‌وه مه‌شغوڵ بكه‌ن).
ئۆتاقێك له سلێمانی كارده‌كات، جارێك به بڕینی بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئینجا له‌به‌رخاتری مالیكی و له‌پێناوی پاساوهێنانه‌وه بۆ سیاسه‌ته دوژمنكارییه‌كانی به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان قسه ده‌خه‌نه سه‌ر زاری په‌رله‌مانتاران و قسه‌كه‌رانی یه‌كێتی. جارێكیش به ناوی كانتۆنی شه‌نگاڵ و جارێكی دیكه حه‌شدی شه‌عبی و جارێكی تر له رێی دۆران قالقانهوه پرۆژه‌ی به سۆرانی و بادینی و زازایی و ههورامیكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد. ئێستایش دروستكردنی كانتۆنی كه‌ركووك (رۆژنامه‌ی هه‌واڵ ژماره 613 له 18/4 دا وتاری سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی) و كانتۆنی سلێمانیمان لێ قیت ده‌كه‌نه‌وه‌و یه‌كڕیزیمان له‌به‌رامبه‌ر ته‌حه‌دیاته زۆره‌كان لهبهریهكههڵدهوهشێنن.
ئایا ئه‌م دوو حزبه كوردستانییه ته‌نیا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئۆباڵی ئامانجه‌كانی ئه‌و پیلانه به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌گرنه ئه‌ستۆی خۆیان؟! ئایا ده‌ره‌نجام ئه‌م پیلانه ته‌نیا به زه‌ره‌ری پارتی ته‌واو ده‌بێ و ده‌خرێته ده‌ره‌وه‌ی ژیانی سیاسی و هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وت و پێشڤه‌چوونه ئابووری و سیاسی و پێگهییهكانی له‌ناو ناوچه‌كه و جیهاندا له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕین پێشكه‌شی یه‌كێتی و گۆڕانی ده‌كه‌ن؟! ئایا شتێك ده‌مێنێت ناوی هه‌رێمی كوردستان بێ یه‌كێتی و گۆڕان تێدا ببنه "هێز"؟!
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه له دوو توێی په‌یامه‌كه‌ی رۆژی 16/4/2015 ی سه‌رۆك بارزانیدا هه‌یه. كرۆكهكهیشی ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا پارتی زیانلێكه‌وتوو نابێ به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌ی كورد و دۆزی نیشتمانی كوردستان و هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزایانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م خاكه به ئازادی پێكه‌وه ده‌ژین زیانی گه‌وره‌تریان پێ ده‌كه‌وێ. هه‌روه‌ها زیانلێكه‌وتوو دیموكراسی و ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ها مرۆییه‌كان و ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوانه ده‌بن كه پاشی خه‌باتی درێژخایه‌ن و قوربانی بێشوومار به‌ده‌ستهاتوون.
ئێستا گه‌لی كوردستان له هه‌موو كاتێك زیاتر له سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی مه‌زن و شكۆمه‌ندی نزیكه، بۆیه یه‌كێتی و گۆڕان پێویست ناكات پارتی له گومانه‌كان دڵنیا بكه‌نه‌وه، ئه‌وان ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و جینۆساید و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی ناو سه‌نگه‌ری شه‌ڕی داعش دڵنیا بكه‌نه‌وه كه هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ناكه‌نه ناوچه‌یه‌ك "ئێران ده‌ستی به‌سه‌ردا بشكێ"!!.