Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەندێك لایەن گرفت بۆ هەناردەی نەوتی كەركووك دروست دەكەن

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هەندێك لایەنی عێراق دوای ئەوەی هیچیان بۆ نەكرا تا ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا هەڵوەشێننەوە، ئێستا دەیانەوێت گرفت بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك دروست بكەن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خۆشەوی خەلیل) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "كاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چاودێریكردنە، بۆیە بڕیارمان داوە چاودێرییەكی وردی سەرجەم ئەو پڕۆژەیاسایانە بكەین كە پەیوەندییان بە بوودجەی گشتیی عێراقەوە هەیە بە تایبەتی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، چونكە بووەتە یاسا و دەنگی لەسەر دراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە شێوەیەكی فەرمی داوامان كردووە كە بەغدا پابەند بێت بە ڕێككەوتنەكەوە،‌ بەڵام نەك هەر ڕێككەوتنەكە نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵكە لەلایەن عێراقەوە ئەو یاسایە جێبەجێ نەكراوە، لە كاتێكدا بەغدا دەیگوت هەرێمی كوردستان بە ڕێككەوتنەكەوە پابەند نییە، بەڵام ئێستا هەموو لایەنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەزانن كورد بە ڕێككەوتنەكەوە پابەندە ".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئێستا چەند لایەنێك دەیانەوێت گرفت لە بەردەم هەناردەكردنی نەوتی كوردستان دروست بكەن، بە تایبەتی هەناردەی نەوت لە بۆرییەكانی كەركووكەوە بۆ بەندەری جیهان، بەڵام بۆ هەموو لایەك ڕوون بێت كە بابەتی نەوتی كەركووك یاساییە و لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندایە، هەروەها لە ڕێگای بۆریی نەوتی كوردستانەوە هەناردەی نەوتی كەركووك بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی بڕەكەی دەگاتە ئاستی ڕێككەوتنەكە، چونكە هێرشی داعش بۆ چەند شوێنێكی كەركووك پرۆسەكەی كەمێك خاو كردەوە".

كارزان سەباح هەورامی