Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەزار خێزانی شنگالی گەڕاونەتەوە.. ئەوەی پەكەكە دەیكات هەڵەیە

شنگال-KDP.info-  قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێت، هەوڵی زۆر دەدرێت بەشێك لە قوتابخانەكانی شنگال بكرێنەوە، بۆ ئەوەی قوتابیانی ئاوارە درێژە بە خوێندن بدەن و، پلانێكی باشیش دانراوە كە ساڵی نوێی خوێندن هەموو قوتابخانەكان دەكرێنەوە و هیچ ئاوارەیەك لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ناخوێنێت.

قایمقامی شارۆچكەی شنگال (مەیسەر حەجی ساڵح) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سنووری شارۆچكەی شنگال بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش نزیكەی هەزار خێزان گەڕاونەتەوە، هۆكاری كەمیی گەرانەوەی خەڵكیش، لەبەر ئەوەیە كە تاوەكو ئێستا بەغدا بۆ ئاوادانكردنەوەی ئەو سنوورە بودجەی بۆ خەرج نەكردوون، سەڕەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان هاوكاریی زۆری كردووە، هۆكارێكی دیكەیش ئەوەیە پێویستە شنگال بە تەواوەتی ئازاد بكرێت ئەوكات خەڵك زیاتر دەگەڕێنەوە".

قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕوونیشی كردەوە، ئەو قوتابخانانەی لەلایەن پەكەكەوە لە چیای شنگال دروست كراون، هیچ كاریگەرییەكیان نییە و ژمارەیەكی كەمی قوتابیان دەچنە ئەو قوتابخانە، چونكە هیچ پێداویستییەكیان نییە و جگە لەوەیش لە هیچ لایەنێكەوە بڕواپێكراون نین، چونكە پێویستە سەر بە هەرێمی كوردستان یاخود عێراق بن و ناكرێت لەخۆیانەوە قوتابخانە بكەنەوە، بۆیە ئەوەی دەكرێت هەڵەیە".

(مەیسەر) راشیگەیاند: "لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین لەگەڵ پارێزگای دهۆك چەند قوتابخانەیەك بكەینەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و، ساڵی داهاتوویش تەواوی قوتابخانەكان دەكرێنەوە و پلانێكی باشیش بۆ ئەو مەبەستە دادەنراوە كە هیچ قوتابییەكی ئەو دەڤەرە بۆ خوێندن لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان نامێنن".

بڵند ئیبراهیم