Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەیادی راپەڕیندا..دانیشتوانی ڕانیە لە بەپارێزگابوونی دەڤەرەکەیان ڕژدن

تانکێکی سوپای ڕژێمی لەناوچووی بەعس کە لە٥/٣/١٩٩١ـدا خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕانیە دەستیان بەسەریدا گرت.

رانیە ـKDP.infoـ لە یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی كوردستاندا كە لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە دەستی پێ كرد، دانیشتووانەكەی داوا دەكەن دەڤەرەكەیان خزمەتی زیاتر بكرێت؛ هەڵبەت سەرۆكی دەستەی بەپارێزگاكردنی دەڤەری ڕاپەڕین دەڵێ، ئێمە لەم بۆنەیەدا جەخت لە یادداشتی خۆمان دەكەینەوە بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە؛ ئەویش بەدەنگەوەهانی خەڵكی ڕاپەڕینە كە داواكاریی بەپارێزگابوون جێبەجێ بكرێت.

5ـی ئازاری 1991
راپەڕینی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، لە 5ـی ئازاری 1991 لە سەعات 9:00ـی سەرلەبەیانی بە فەرمی لە ڕانیە دەستی پێ كرد. لە هەموو لاوە خەڵك ڕژانە سەر كوچە و كۆڵان و شەقامەكان، لە ڕادیۆكان و بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە خەڵك بۆ ڕاپەڕین هان دەدرا. پاشان جەماوەر هەڵیان كوتایە سەر دامودەستگاكانی حكوومەت. سەعا 3:00ـی سەرلەئێوارەیش سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاك كرایەوە. هەمان ڕۆژ چوارقوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بیتوێن و سەربازگەی سەركەپكان ئازاد كران، جگە لە تیپی 44ـی چوارقوڕنە، 50 كەس لە ڕژێم كوژران و ١٠ كەسیش لە هاووڵاتیان شەهید بوون، ژمارەیەكی زۆریش لە پیاوانی ڕژێم دەستگیر كران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی كورددا بە ڕۆژی ڕاپەڕین و ڕانیەیش بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا.
6ـی ئازاری 1991
ڕۆژێك دواتر، لە 6ـی ئازاری 1991 ناوچەی بازیانی یەك و دوو و، ناوچەی نێو دەشتی پشدەر، ئازاد كران. بە جۆرێ خەڵكی بازیان لە سەعات 4ـی ئێوارە، هەڵیان‌كوتایە سەر دەستگاكانی ئەوێ و هەر زوو سەركوتیان كردن. لە پشدەریشدا سەربازگە و دەستگەكانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە دەورە دران و، هەر زوو پاك كرانەوە، تەنیا فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێ، كە شەڕی مان‌ونەمانیان كرد و، بووە هۆی شەهیدبوونی چەند هاووڵاتییەك.
لە لایەكی ترەوە، هەمان ڕۆژ چوارقوڕنە لە سێ لاوە دەورە درا و بە ئاسانی ڕزگار كرا، دواتر پایەگەكانی سەر كلكەی كۆڵین و حاجیلە و بەرزاییەكانی دۆڵە ڕەقە بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و خۆیان ڕادەستی گەل كرد. ڕژێم لیوایەكی لە كۆیەوە بۆ پاڵپشتیی تیپی چوارقوڕنە هێنا و، بە تۆپ و خومپارە كەوتە وێزەی خەڵكی ناوچەكە. هەر هەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و چەند سەرباز و ڕائیدێكی لێ كوژران.
لەم ڕۆژەدا خەڵكی شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین پەیامی تایبەتی خۆیان هەیە كە بڕیارە سبەی (5/3/2015) ئەو یادە لە سەرانسەری كوردستاندا بكرێتەوە. (نیازی حەمە عەزیز) ڕۆشنبیر و یەكێك لە چالاكوانانی دەسپێكی ڕاپەڕین لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "راپەڕین ئەڵقەیەكی گرنگە لە زنجیرەی خەبات و تێكۆشانی ڕاپەڕینی كوردستان لە دێرزەمانەوە و، گەلی كوردستان لە ساڵی 1961 گەورەترین شۆڕش لە سەردەمی (بارزانی نەمر)دا دەستی پێ كرد و دوای شۆڕش و نسكۆی شۆڕش جۆرێك لە خەباتی دیكە هاتە ئاراوە كە ئەویش خەباتی شاخ بوو یان ڕاپەڕین و خۆپیشاندان بوو." گوتیشی: "لە ساڵی حەفتاكان جۆرێك لە ئارامی لە كوردستان هەبوو بە هۆی ڕێككەوتنی 11 ئازارەوە، بەڵام لە هەشتاكان شەقامی سیاسیی كوردستان جوڵایەوە، تا ئەو كاتەی بە شێوەیەكی یەكجاری خەڵكی كوردستان دەسەڵاتی دیكتاتۆری بەعسی ڕاماڵی، ئەمەیش هاوكات بوو لەگەڵ كۆمەڵێك سەرهەڵدانی دیكەی عێراق كە لە ناوچە شیعەكان ڕوویان دا واتە ڕاپەڕین بەرگێكی نەتەوەیی لە خۆی گرت لە هەمان كاتدا سوپای عێراق داڕووخابوو و كورد دەرفەتێكی باشتری هەبوو، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش لەگەڵیدا بوو بە تایبەتی لە كیمیارانكردنی هەڵەبجە، ئەمەیش وای كرد ڕاپەڕین ببێتە هەوێنێك بۆ ئەوەی كورد بە یەكجاری لە زوڵم ڕزگاری بێت."
(نیازی) دەشڵێت: "بەپێی بەرنامەی بەرەی كوردستانی كە (سەرۆك مەسعوود بارزانی) سەر پەرشتیی دەكرد، دەبوو ڕاپەڕین چەند ڕۆژێك دواتر بووایە، بەڵام بە هۆی تینویەتیی خەڵك لە ڕۆژی 5ـی ئازار خەڵكی ڕانیە وەك كاراكتەرێكی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینی هەشتاكانیش لە ساڵی 1991 لە ڕۆژی سێشەممە دوای بانگەوازێك لە مزگەوتی گەورە كە خۆم بەشداری بانگەوازەكە بووم، كڵپەری ڕاپەڕین دەستی پێ كرد، واتە پێش ئەو ماوەیەی بۆی دیاری كرابوو ڕاپەڕین ئەنجام درا، تا دواتر شارەكانی دیكەی كوردستانی گرتەوە و بەعش لە كوردستان وەدەر نرا."
(نیازی حەمەعەزیز) لەبارەی دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین و دۆخی ئێستای دەڤەرەكەیشەوە ڕایگەیاند: "دوای ڕاپەڕین شەڕی ناوخۆ بەسەردا هات و نەتوانرا وەك پێویست خزمەتی ئەم شارە بكرێت، دوای 2003 و نەمانی بەعسیش دەڤەرەكە كۆمەڵێك پڕۆژەی بۆ كرا كە جێگای دەستخۆشی بوو، بەڵام لە بواری خزمەتگوزاری و پرۆژەی ستراتیژییەوە ئەم شارە بێبەش كراوە، بەشێكی زۆری پڕۆژەكانیش بە نیوە تەواوكراوی بەجێ ماون و خزمەتگوزارییەكان لە ئاستی قوربانییەكاندا نین، بۆیە داواكاریی گەرموگوڕی خەڵك و داواكاریی سەرەكیی ئەم دەڤەرە لەم قۆناخەدا ئەوەیە، بكرێتە پارێزگا، چونكە ئەمە برینی بەشێك لە خەڵكی دەڤەرەكە ساڕێژ دەكات."
ئەوەیشی خستە ڕوو، "بۆ ئەمساڵ لە یادی ڕاپەڕیندا یادەكە بە شێوەیەكی سنووردار دەبێت، چونكە ئەم دەڤەرە شەهیدێكی زۆری هەیە، بۆیە نامانەوێت لەم دۆخەدا ئاهەنگ و كۆمەڵێك شتی دیكە بكرێت كە برینی شەهیدەكان بكولێنرێتەوە."
ڕایشیگەیاند كە، "داواكاریی هەنووكەیی دەڤەرەكە ئەوەیە كە بازاڕی شارەكە چاك بكرێت و پارە بۆ پڕۆژە تەواونەكراوەكان خەرج بكرێت و داواكارییەكانیشمان داوەتە سەرۆكایەتیی حكوومەت".
هەرلەم بارەوە (غەریب ئەحمەد) سەرۆكی دەستەی بەپارێزگاكردنی دەڤەری ڕاپەڕین، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئێمە لەم بۆنەیەدا جەخت لە یادداشتی خۆمان دەكەینەوە بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە؛ ئەویش بەدەنگەوەهانی خەڵكی ڕاپەڕینە كە داواكاریی بەپارێزگابوون جێبەجێ بكرێت، بۆیە شاندێكی باڵای حكوومەت هاتوون بۆ دەڤەرەكە و پەیامی خۆمان دووبارە داونەتەوە كە ژمارە 11ـی ساڵی 1999 بچێتە واری جێبەجێكردنەوە كە داوای بەپارێزگابوونی ڕاپەڕینی كردووە." گوتیشی، "سبەی یادی ڕاپەڕین تایبەت دەبێت، چونكە زیاتر حاڵەتێكی ماتەمینی دەبێت و بەبێ ئاهەنگ و هەڵپەڕكێ و خۆشی و شادی دەبێت، بەڵكە بە شێوەیەك بێت كە دەبێت لە یادی کۆنباو دەربچێت و لەو ساڵەدا كۆمەڵێك دروشم و بەڵێن بدرێت بە خەڵكی دواتر جێبەجێ نەكرێن، دەمانەوێت بەڵێنی جیددی بە خەڵكی دەڤەرەكە بدرێت بە تایبەتی كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی و چاككردنی دووسایدی ناو بازاڕ و بەپارێزگاكردنی دەڤەرەكە و كردنەوەی پرۆژەی ستراتیژی بۆ شارەكە بخرێتە بەرنامەوە".
هەر لەم بارەوە (حەمید عەبدوڵڵا) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گشتیی ڕاپەڕین لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە یادی 24 ساڵەی ڕاپەڕینی مەزنی ڕانیەی دەروازەدا لە ساڵی 1991، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و دەڤەرەكە دەكەین، سەری ڕێز لەبەردەم گڵكۆی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو لە پێشمەرگەی كوردستان دەكەین لە بەرەكانی جەنگ". دەشڵێت، "لەم ڕۆژەدا بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم، چونكە لەو ڕۆژەدا گەلی كوردستان لە دیكتاتۆرییەت ڕزگار كرا."
گوتیشی: "ئێستا داواكاریی خەڵكی دەڤەرەكە ئەوەیە كە خزمەتی شارەكە بكرێت، پڕۆژەی ستراتیژیی بۆ ئەنجام بدرێت، لە هەموو شت گرینگتر بایەخ بە ئیدارەی شارەكە بدرێت لەگەڵ ئەو داوایەی كە خەڵك بە ئاواتیەتی ئەویش بەپارێزگابوونی ناوچەكەیە."
ڕایشیگەیاند كە، "ئەمساڵ وەك ساڵانی پێشووتر یادە ناكرێتەوە، چونكە دۆخی دارایی و ئەمینی كوردستان تایبەتمەندە، بەڵام ئەم یادە هەمیشە لە دڵماندایە، لە هەمان كاتدا ئێمە سبەی لە سەعات 8 و نیوەوە لە ڕانیە پێشوازی لە هەر كەسێك دەكەین بەشداریی یادە كە بكات".
لە 7ـی ئاداردا، جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕین و هەر زوو هەڵیانكوتایە سەر بنكەی حامیەی پۆلیس و سەرا و ئازادیان كردن. هەروەها بۆ بەیانیی 8ـی ئازار، قەڵای ئەمنە سوورەكەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و بارەگاكانی سەر چیای ئەزمەڕیان بەرزەفت كرد، بە جۆرێك بە هەزاران سەرباز خۆیان بە دەستەوە دا و، پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم كوژران.
لە 8ـی ئاداردا، ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە و عەربەت و ئۆردووگاكانی زەڕایەن و سموود و نەسر و باریكە و پیرەمەگروون و ئەڵڵاییەوە دەستی پێكرد و، سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگە سەرەكییەكانی نێوان سلێمانی و كەركووك و بەعقووبە گیران، ئەمەیش بە خوێنی چەندان شەهید و، كوژرانی چەندان كەس لە پیاوانی ڕژێم. هەر ئەو ڕۆژە، سەرجەم ڕەبییەكانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزە دابەزینە خوارەوە و بێ كوشتار خۆیان بە دەستی گەلەوە دا. لە لایەكی ترەوە، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و، بەرەو دووكان چوون و، لە لای دۆڵی خەلەكانیش پێشمەرگە و جەماوەر هەر بەرەو بەنداوی دووكان دەڕۆیشتن، بۆیە بۆ ئێوارە ئەو ناوچەیەش بە تەواوی بەرزەفت كرا.
لە 9ـی ئاداردا، جەماوەری شاری شەقڵاوە و كۆیەیش ڕاپەڕین. ئەگەرچی سوپایەكی زۆر لە هەیبەت سوڵتان هەبوو و، لە 8ـی ئاداردا چەند لیوایەكی زرێپۆشی زیاد هێنرابووە ئەوێ و، لە ئاسمان و زەوییەوە بەرگرییەكی باشیان لە خۆیان كرد، وەلێ لەبەر ئەوەی نێو كۆیە ئازاد كرا، دواتر لە هەموو لایەكەوە هەیبەت سوڵتان دەورە درا و كۆنتڕۆڵ كرا و سوپای عێراقی گیران، بۆیە ناوچەی شەقڵاوەیش ئازاد كرا. بۆ ئێوارەیش لە ئۆردووگای زۆرەملێی باسرمە هەڵیان كوتایە سەر بنكەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاك كرایەوە. هەر هەمان ڕۆژ، ڕاپەڕین لە كفری سەری هەڵدا و بووە هۆی ئازادكردنی كفری و باوەنوور و بەرزاییەكانی.
لە 10ـی ئاداردا، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندز و قەرەهەنجیر و ئاغجەلەر و هەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلك و سۆران و چۆمان و حاجی‌ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و، لە چەند سەعاتێكدا ئازادیان كردن، بە جۆرێ سەعات 1ـی پاشنیوەڕۆ كۆڕێ گیرا، پاشان مەسیف ئازاد كرا، 12ـی نیوەڕۆ هەریر و باتاس ڕاپەڕین، سپیلك و دۆڵی بیاو و بێخمە ئازاد كران. هەمان ڕۆژ لە كۆیە جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەقتەق پێشڕەوییان كرد و، خەڵكی ئەوێش لەو ڕۆژەدا ڕاپەڕین و ناوچەكەیان ئازاد كرد. هەر ئەو ڕۆژەیش ئۆردووگای بەستۆڕە ئازاد كرا. كە بە دەیان كەس لەو ناوچانە لە پیاوانی ڕژێم كوژران و، چەندان پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بوون.
11ـی ئازاری 1991، جەماوەری شاری هەولێر هەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەكەكانی شۆڕش و مەلایان و برایەتیی سەروو، بەرەو بارەگەكانی ڕژێم شۆڕ بوونەوە و لە سەعات 9ـی بەیانیدا سەرجەم جەماوەری گەڕەكەكان ڕژانە سەر شەقام و كوچە و كۆڵانەكان و، تەواوی بارەگا و دەستگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمیان كۆنتڕۆڵ كرد. تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمن و مەنزوومەی شیمالی بەرگرییەكی سەخت كرا، بۆیە هەندێك لەوانەی لەوێ گیران لە لایەن جەماوەرەوە گوللەباران كران.
هەر هەمان ڕۆژ، ڕاپەڕین لە سەرجەم ئۆردووگا و ناوچەكانی دەوروبەری هەولێریش گڕی گرت، هێزی پێشمەرگە و جەماوەر لە دێگەڵەوە بە دەشتی هەولێردا شۆڕ بوونەوە و بان و بەرزایییەكانی سوپا و پادگاكانی ڕژێمیان تا كەسنەزان پاك كردەوە، بۆیە كەسنەزان و بنەسڵاوە بە بێ شەڕ كەوتنە دەستی جەماوەر و پێشمەرگە، لە دارەتوویش بە نیو سەعات ناوەندی پۆلیس گیرا، لەوێ شەهید درا و ڕژێمیش كوژراوی هەبوو. ئۆردووگاكانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش هەر زوو ئازاد كران. پاشان ئۆردووگاكانی جدیدە و تۆبزاوایش ڕاپەڕین و دوای چەند سەعاتێك ئازاد كران. هاوكات ئۆردووگای خەبات هەڵیان كوتایە سەر بازگەی ئاسكی كەڵەك و هەر زوو كۆنتڕۆڵ كرا و، دواتر ئۆردووگاكانی كەورگۆسك و بەحركە و بەرحوشتر لە بەعس پاك كرانەوە.
لەلایەكی ترەوە بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ، فەیلەقی 5ـی سەربازگەی هەولێر كەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە. بۆ بەیانیی 12ـی ئازار، پادگاكانی سەر بەرزایییەكانی ڕەشكین و كانی‌قرژاڵە و ڕێی گوێڕ و مەخموور گیران.
لە 12ـی ئاداردا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەڕین و تا ئێوارە نێو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد كرد. بەڵام دواتر ڕژێم لە ئاسمان و زەوییەوە بە چەكی قورس تۆپبارانی كردن، بۆیە چەندان هاووڵاتی لەوێ شەهید بوون و ڕژێمیش زیانێكی زۆری ماددی و مەعنەویی بەر كەوت. لە لایەكی ترەوە و هەر هەمان ڕۆژ، شارەدێی مەخمووری خوارووی هەولێر ئازاد كرا و، لە ڕێگەی مووسڵ لافاوی جەماوەر لە زێی كەڵەك پەڕینەوە بادینان. بۆیە هەر ئەو ڕۆژە، ئاكرێ و شارەدێی بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارتێی زێبار تا دەگاتە شێخان و سەرزێی خازر ئازاد كران و، هاوكاتیش خانەقین ئازاد كرا.
لە 13ـی ئاداردا، لەوسەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەوروبەری ڕاپەڕین. سەرئەنجام نێو شاری زاخۆ و كۆمەڵگەی هیزاوە و دەركار عەجەم، ئازاد كران و، ڕاپەڕین گەیشتە دەشتی سلیڤان و چیای بێ خێر و ژوێ هاتنە ئازادكردن و، لە سنووری كەركووك شارۆچكەی پردێ ئازاد كرا و، لە گەرمیانیش كەلار و شارەدێی جەبارە و كوڵەجۆ، ئازاد كران.
14ـی ئازاری 1991، لەگەڵ گەردی بەیانیدا، جەماوەری دهۆك لە گەڕەكی بەرۆشكێی لای سەرەوە سەریان هەڵدا و، بە تێكڕا دەوری بەڕێوەبەرایەتیی ئەمن و هەواڵگری و پۆلیس و ئالیات و لیوا و فرقەی حزبیـیان دا و هێرشیان كردە سەری، تا نیوەڕۆ هەموویان گیران. جگە لە ئەمنخانە نەبێ كە شەڕی مان و نەمانیان كرد، بۆیە زۆربەیان كوژران. دواتر لیواكەیش خۆی ڕادەست كرد. بەمەیش ناوچەكانی زاویتە و مانگێش و باگێرا و سەرسەنگ و ئەنیشكێ و بامەڕنێ و دێرەلووك و ئامێدی و سیریێ و شێلادزێ و باتوفە و بێگۆڤا بەرزەفت كران. بۆ ڕۆژانی دواتر، ناوچەكانی تریش كۆنتڕۆڵ كران تا دەگاتە كانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و ڕێكان، بۆیە پایەگاكانی سەر چیاكانی گارا و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ، خۆیان ڕادەست كرد.
لە 20ـی ئازاری 1991ـدا، جگە لەوەی كوردانی شاری كەركووك ڕاپەڕین، لە قۆڵی سلێمانی و هەولێریشەوە هێزی پێشمەرگە هێرشی برد و تا ئێوارەی هەمان ڕۆژ تەواوی شاری كەركووك ئازاد كرا و، ئاگری نەورۆزی تێدا هەڵگیرسا. بەمەیش ڕاپەڕینی گەلی كورد لە باشووری كوردستان گەیشتە دوایین خاڵ و هیچ شوێنێكی هەرێمی كوردستان نەما ئازاد نەكرێت.