Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زوممار رووناک دەکرێتەوە.. ژیان گەڕاوەتەوە دۆخی جاران و 70%ـی خەڵکەکە گەڕاونەتەوە

زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار( موزاحم سەعدوون) رایگەیاند کە، ژیان لە زوممار  و هەر 70 گوندی سنووری ئەو شارەدێیە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە، تا ئێستا 75%ـی خەڵكی ئەو سنوورە گەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان..هەروا گوتیشی کە بەو نزیکانە زممار و دەروبەری رووناک دەکرێتەوە و لە بەنداوی مووسڵەوە کارەبای بۆ دێنن.

بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار( موزاحم سەعدوون) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ژیان لە زوممار  و هەر 70 گوندی سنووری ئەو شارەدێیە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە، تا ئێستا 75%ـی خەڵكی ئەو سنوورە گەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان، ڕۆژانەیش گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە.
(موزاحم) گوتیشی، ناوچەكە بە تەواوەتی لە پاشماوەی داعش پاككراوەتەوە، هیچ  شوێنێك نەماوە خاوێن نەكرا بێتەوە، بەڵام چەكدارانی داعش زیانێكی زۆریان بە زوممار و گوندەكانی دەوروبەری گەیاندوون، هەندێك گوند هەیە بە تەواوەتی لەناوچوون و دووبارە پێویستیان بە ئاوەدان كردنەوە هەیە،  ئێستا لە هەوڵی ئەوە داین ئەو ناوچانەی پڕۆژەی خزمەتگوزاریان لێ براوە بۆیان دابین بكەینەوە، تا ئێستا توانیومانە چەندین پرۆژە بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە، لەوانە لە زۆربەی گوند و سەنتەری شارەدێ قوتابخانەكان بە ڕووی قوتابیاندا كراونەتەوە و؛ قوتابیان رۆژانە دەخوێنن و گرفتی كەرتی پەروەردە لەناوچەكە نەماوە.


وەک باسی کرد کە، هەموو ئەو پردانەی رووخاون و تەقێنرابوونەتەوە چاككراونەتەوە، ئێستایش لە هەوڵی دابینكردنی كارەباین بۆ زوممار کە لە بەنداوی مووسڵ كارەبا بۆ زوممار و دەوروبەری رادەكێشین و لە چەند رۆژی داهاتووشدا زوممار روناك دەكرێتەوە.


بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار ئاشكرای كرد، هەموو ئەو پڕۆژانە لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم بۆ ناوچەكە جێبەجێ كراون، راستە حكوومەتی عێراق نزیكەی 60 ملیۆن دیناری بۆ ئێمە دابین كردووە، بەڵام ئەوە بەشی هیچ ناكات و ناتوانین یەك پڕۆژە بەو بڕە پارەییە دابین بكەین، بۆیە پێویستە حكوومەتی  عێراق زیاتر هاوكارمان بێت بۆ گەرانەوەی خەڵكی ناوچەكە و ئاوەدانكردنەوەی زوممار و دەوروبەری.

رابین شێروانی