Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێخ شامۆ: مانگێک لەمەوبەر سەرۆک بارزانی فەرمووی، ئازادکردنی شنگال چەندە قوربانییشی بوێ، هەر دەیدەین

شنگال-KDP.info-  نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سەرۆک بارزانی زۆر خەمی ڕزگارکردنی شنگالیەتی، بۆیە زووزوو دەچێتە بەرەکانی شەڕ؛ جا با کوردانی ئێزدی باش بزانن کە، ئێوە سەرۆکێکی واتان ھەبێت، چ خەمی دوژمنتان نابێ.

نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان (شێخ شامۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو چوار مانگە کوردانی ئێزدی لە دۆخێکی خراپدا بوون و، چاوەڕوانی ئەم ڕۆژە بوون؛ ئەو خەڵکە بەوە دێتەوە سەر خۆی، کە خاکەکەیان ئازاد بکرێت و، بەوە دڵیان خۆش دەبێتەوە؛ کە وا خەریکە ئازادیش دەکرێ."

(شێخ شامۆ) گوتیشی: "ھەنگاوی گرینگ دەنرێت بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، بەڵام بە داخەوە داعش ناوچەی ئێزدییەکانی بە تەواوەتی کاول کردووە؛ دەشێ سەرلەنوێ ئاوەدانی بکەینەوە."

   ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئێزدییە ڕوونیشی کردەوە کە "کوردانی ئێزدی دڵیان بە سەرۆک بارزانی گەرمە؛ لە سای سەر ئەوەوە، پاشەڕۆژی خۆیان ڕوون دەبینن لە ھەرێمی کوردستاندا؛ نەک هەر ئێزدیان، بەڵکو سەرجەم پێکھاتەکانی دیکەیش هەروا."
   گوتیشی: "مانگێک لەمەوبەر سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئێمە، فەرمووی ئازادکردنی شنگال چەندە قوربانییشی بوێ، هەر دەیدەین."

   (شێخ شامۆ) ئەوەشی خستە ڕوو: "کە سەرۆک بارزانی خۆیشی چووە بۆ قۆڵی ڕۆژئاوا و، لە نزیکەوە شەڕەکە دەباتە ڕێوە، زیاتر بۆ ڕزگارکردنی شنگالە؛ جا با کوردانی ئێزدی باش بزانن کە سەرۆکێکی وایان هەبێت، با لە دوژمن بێخەم بن؛ دیارە داعش بەرگەی نەماوە و، لە حەژمەتان مین دەچێنن."

بڵند ئیبراھیم