Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەپەلە.. پێشمەرگە بە ئاڵای کوردستانەوە لە ناو شنگالە.. کەمێکی دی موژدەی سەرکەوتنی یەکجارەکی دەبیستن

سەرۆک بارزانی لە هەوڵی دانانی پلانی سەربازییە. ئەرشیڤ

شنگال-KDP.info-  سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژاوای دیجلە، موژدەی سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگەی راگەیاند و گوتی، هێزەکانی پێشمەرگە گەییشتوونەتە نێو شارۆچکەی شنگال و کەمێکی دی موژدەی سەرکەوتنی یەکجارەکی ڕادەگەیەنن.

 

ئەو هێزەی کە ئەمڕۆ لە سێ میحوەرەوە هەڵمەتیان بردە سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی ژێر سایەی ئاڵای کوردستان لە چیای شنگال یەکیان گرتەوە.

سەرچاوە باڵا سەربازییەکە هەروەها گوتی، هێزەکانی پێشمەرگە لە ئێستادا چوونەتە نێو قەزای شنگالەوە و ئازادکردن و پاککردنەوەی لە تیرۆریستانی داعش زۆر نزیک بووەتەوە.


سەرچاوە باڵا سەربازییەکەی میحوەری ڕۆژاوای دیجلە، زانیاری دا کە، 2600کم چوارگۆشەی خاکی کوردستان لە سنووری میحوەری ڕەبیعە - سنونێ، میحوەری باشووری عوێنات و میحوەری شنگال، لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان ڕزگار کرا.. سنووری عێراق – سووریا لەو بەشەی کە دەکەوێتە سنووری ڕەبیعە، شنگال سنوونێ، بەیەکجاری لە تیرۆریستان پاک کرایەوە.


ئەو سەرچاوەیە وەها بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، تیرۆریستان بە تەواوی ورەیان بەرداوە و ناتوانن خۆیان لەبەر زەبری گورچکبڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بگرن و ئەوەی بەرەنگاری بکا کوژراوە و زۆرێکیشیان وەها تۆقیون کە بەرەو مووسڵ ڕادەکەن.


ئەو سەرچاوە باڵایەی فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە هەروەها ڕایگەیاند، لەو هەڵمەتە بەرفراوانەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ شەممە، کە بۆ پاككردنەوەی عوێنات و گوندەكانی دەورووبەری و میحوەری ڕەبیعه ڕێگای ڕەبیعه و سنونێ و هەروەها ڕێگای ستراتیژیی حوگنە بۆ ڕەبیعە بەرپا کرا، لە ئێستادا ئەو ناوچانە بە تەواوی ئازاد کراون و ئەوەی ماوەتەوە پاککردنەوەی شارۆچکەی شنگالە، کە ئەویش پاش کەمێکی دی بە تەواوی ئازاد دەکرێ.

شیاوی باسە، ئەم هێرشە بەرفراوانەی کە لە پێرێوە لە چەندان قۆلەوە بۆ ئازادکردنی تەواوی خاکی کوردستان بەرپا کراوە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە (مەسعوود بارزانی)ـیە و پلانی سەربازیی شەڕیش هەر (سەرۆک بارزانی) دایڕشتووە.

پێوەست بەم پلانە سەربازییە سەرکەوتووە، سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "سەرکەوتوویی ئەم پلانە لەوەدایە کە، لە کەمترین ماوە، بە کەمترین زیان و ئازادکردنی زۆرترین ناوچەی کوردستان کۆتایی دێ"، گوتیشی "بە حوکمی ئاگاییم لە دۆخی جەنگ و هاوکاریی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیشی، بە تایبەت بە لای ئەمەریکاییەکانەوە ئەم پلانە و هاوکات نەبەردی و ئازایەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە پێشڕەوییان، هەم جێی سەرسوڕمان و هەمیش خۆشحاڵی بووە."


زریان زیاد