Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی ئەورووپا، پڕۆژەبڕیاری 2971ـی بۆ كەیسی ئێزدییەكان دەركرد.. ئاماژە بە كوشتن و رفاندنی 3133 دراوە

ئەورووپا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی) رایگەیاند، پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا لە سەر كەیسی ئافرەتانی كوردی ئێزدی، پڕۆژەبڕیاری 2971ـی دەركرد كە، 6 خاڵ لەخۆ دەگرێت و ئاماژە بە كوشتن و رفاندنی 3133 هاووڵاتی ئێزدی دەدات.

 

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی) لە راگەیاندراوێكدا كە وێنەیەکی بۆ KDP.info نێردراوە دەڵێت، "هەوڵەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا بە مەبەستی ناساندن و كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و دۆزە رەواكەی، بەردەوامە".

 

(دلاوەر خالد ئاژگەیی) دەشڵێت، دوای چەندین دانیشتن و كۆبوونەوە لەگەڵ كوتلە و گرووپە جیاكانی نێو پەرلەمانی ئەورووپا و، پێوەندیكردن بە سەرۆك و ئەندامانی گرووپی دۆستانی كوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، كۆبوونەوەیەكی گرینگ و فەرمی لە پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوە چوو كە، تایبەت بوو بە پرسی رفاندن و توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان بە دەستی تیرۆریستانی داعش و، بە تایبەت ئافرەتانی ئێزدی، لە كۆتایی كۆبوونەوەكە-دا بڕیاری 2971-ی دەرچووێندرا و بەشیك لە  ناوەڕۆكی لەم خاڵانەی خوارەوە پێك هاتووە:

1-  ئەو تاوانانەی كە داعش ئەنجامی داون دژی خەڵكی شنگال و بە تایبەتی رفاندن، كوشتن، توندوتیژی و راگوازتن بە تاوانی دژی مرۆڤی دەناسرێن و، تاوانباران دەبێ بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن.
2- پرۆژەبڕیارەكە ئاماژە بە كوشتن و رفاندنی 3133 هاووڵاتی ئێزدی دەدا كە لەوانە 2305 كەسیان رفێندراون، لە وانیش 412ـیان منداڵن. بەگوێرەی ئامارەكان لە نێوان 5000 تا 7000 ئافرەتی ناوچەكە بە گشتیی رفێندراون كە بە گوێرەی زانیاریەكان لە تەلەعفەر لە پێنج سەنتەر راگیراون.
3- پەرلەمانی ئەورووپا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، ببێت بە ئەندام لە (Rom Statute) بۆ ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، تا بتوانێت بەدواداچوون بۆ تاوانباران بكات وەك تاوانباری دژی مرۆڤایەتی.
4- پشتگیری لە بڕیاری ئەمەریكا دەكات بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم و عێراق لە شەڕی دژەتیرۆر بە یارمەتیی سەربازی و مرۆڤی، داوا دەكات لە وڵاتانی ئەندام كە هاوكاریی زیاتری هەرێم بكرێت بە تایبەت كە كاتی زستان و سەرما زۆر نزیك بووەتەوە. هەروها داوا دەكات یارمەتیی ئاوارەكانی چیای شنگال بدرێت.
5- داوا لە وڵاتانی ئەندام و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات یارمەتیی زیاتری ئاوارەكان بدرێت بە تایبەتی منداڵ و ئافرەتان.
6- داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەكیەتیی ئەورووپا و رێكخەری باڵای ئەورووپا دەكات بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتانەی لە دەست داعش رزگاریان بووە و، ئەوانەی كە تووشی ناخۆشی بوون، بە كردنەوەی سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەركردن و گەیاندنی هاوكاریی تەندروستیی پێویست.

کەنعان بەهادین